چاپخانەی زانستیی کوردستان ''لە کۆڵانەکانی قاهیرەوە بۆ جیهان'' ناوخۆیی

نوچە نێت

ڕاز ئەسعەد

ساڵانە و لە سەروبەندی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بەردەوام گوێبیستی دەرچواندنی ڕۆژنامەی کوردستان و ناوی (میقداد میدحەت بەدرخان) دەبین، بێگومان ئەوە ڕووداو و وەرچەرخانێکی گەورەیە و تا ستایش بکرێت هێشتا مافی خۆی پێنەبەخشراوە، بەڵام هەر لەو سەردەمە یان کەمێک پێشتردا ڕووداوێکی گەورەی دیکە مێژووی کورد ڕۆشندەکاتەوە. کە هیچی لە دەرچواندنی ڕۆژنامەکە کەمتر نییە و وەک هەندێک سەرچاوەش ئاماژەی پێدەدەن، پاڵپشت و هاوکاری بووە، ئەو ڕووداوەش دامەزراندن و بەکارخستنی چاپخانەی زانستیی کوردستان بووە لە قاهیرە.

لە کۆتا چارەکی ‌هەشت سەدەکانی هەزارەی دووەمدا، دوو گەنجی هەورامی لە مەڵبەندی سنە و مەریوانەوە، بە شوێن زانستە ئایینی و شەرعیەکاندا توێشووی سەفەرێکی دوور لە کۆڵ دەنێن و دێنە سلێمانی، لەوێشەوە بۆ بەغدا و پاشانیش لە ڕێی شامەوە، خۆیان دەگەیەننە بن دیوارەکانی ئەزهەری شەریف، مەڵبەندی زانستە ئاینییەکان و لەوێ دەبنە دوو فێرخوازی چوست و چالاکی زانستە ئایینیەکان.

گومانی تێدا نییە، هەر دوو فێرخوازی شەرعی (فەرەجوڵا زەکی ئەلکوردی ئەلمەریوانی) و (محێدین سەبری کانی مشکانی سەنەندەجی)، لە فێرخوازە زیرەکەکانی (ئەزهەر) بوون و لە ماوەی دیاریکراودا توانیویانە خوێندن تەواو بکەن. گومانیش نییە کە خۆشەویستیان بۆ زانست هەر زوو خستونیەتە سەر ڕێی دنیای کتێب و چاپ و بڵاوکردنەوە، و لەو ڕێگەیەوە ویستویانە زانست و شەریعەت بڵاوبکەنەوە، ڕێکەوت بە کەسایەتیەکی زەنگین و خوێندەواری ئەو سەردەمەی قاهیرەی ناساندون و لە ڕێی ئەوەوە توانیویانە چاپخانەکەیان دابمەزرێنن.

هەرچەندە یەکەم تۆمارکردنی وشەی پیرۆزی (کوردستانە)، لەسەر کۆمەڵێک چاپکراوی دیار و بەناوبانگی سەرەتای سەدەی بیستەم، بەڵام بەهۆی بایەخ پێنەدانی لەلایەن توێژەرانی کوردەوە، هێشتا زانیارییەکان لەسەر چاپخانەی زانستیی کوردستان زۆر کەمن.

 ئەو دوو گەنجە بلیمەتە لە ساڵی ١٨٧٠دا پەیوەندیان بە ئەزهەرەوە کردووە و هاوڕێ لەگەڵ چەندین گەنجی دیکەی کورددا، زانستە ئایینیەکانیان خوێندووە. بە ڕێکەوت کەسایەتی دیاری ئەو سەردەمەی گەڕەکی جەمالیە (ئەحمەد بەگ کوڕی ئەحمەدی یوسفی کوڕی ئەحمەدی کوڕی عەبدول لەتیفی حوسەینی شافیعی)یان ناسیوە، کە ساڵی ١٩١٣ کۆچی دوایی کردووە.

 وا دەردەکەوێت لە ڕێگەی ئەوەوە چاپخانەکەیان دامەزراند بێت، چونکە پارچەیەک زەوی خۆی بۆ تەرخانکردوون لە کۆڵانێکی گەڕەکی (جەمالیەدا)، بووە و ناسراوە بە کۆڵانی (مسمط، مەسمەت)، بۆیە لەسەر هەندێک لە چاپکراوەکانی وەک: (بغیة المرتاد، لإبن کثیر ١٩١١)، (شرح خطبة الکافی ١٩١٠)، (مجموعة فتاوی ابن تیمیة ١٩١١) ئەو چاپخانەیە ناونیشانەکەی بەم جۆرە نووسراوە: (چاپخانەی زانستیی کوردستان، لە کۆڵانی مەسمەت لەسەر موڵکی خاوەن فەزڵ ئەحمەد بەگی حوسەینی لە جەمالیەی میسر، قاهیرە).

بۆچوونێک هەیە دەڵێت: ''ڕۆژنامەی کوردستانی میقداد میدحەت بەدرخان بەپاڵپشتی فەرەجوڵا زەکی و لە نێو چاپخانەکەی ئەودا چاپکراوە''، ڕاستی ئەم بۆچوونە هێشتا نەسەلمێنراوە، چونکە لە زۆربەی ژمارەکانی (ڕۆژنامەی کوردستان) دا، ناوی چاپخانە نەنوسراوە، تەنیا لە ژمارە (چواردا) نوسراوە لە چاپخانەی (ڕۆژنامەی کوردستان) چاپکراوە، کەواتە ڕۆژنامەکە چاپخانەی تایبەتی خۆی هەبووە. 

لەم ڕووەوە فەرهاد پیرباڵ، پێیوایە تەنیا ئەو ژمارەیە لە چاپخانەی ڕۆژنامەکە چاپکراوە، دوای ئەوە دەستی بەسەردا گیراوە و خاوەنەکەی دەستبەسەر کراوەوە و نێردراوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ بە هەرحاڵ ئەوە بۆچوونەو پێویستی بەساغکردنەوە هەیە.

ئەو سەردەمە هێشتا زووبووە بۆ گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی، بەڵام (فەرەجوڵا زەکی کوردی) هەر لە سەرەتاوە زۆر بڕوای بە ڕەچەڵەکی خۆی هەبووە، تەنیا لەسەر یەک کتێب نەبێت پاشناوی حەمەوی بۆ خۆی داناوە، دەنا لە هەموو کتێبەکاندا هەڵگری پاشناوی کوردی بووە، چاپخانەکەشی هەر بە ناوی شیرینی کوردستانەوە ناوناوە.

تەمەنی ئەم چاپخانە گرنگە، نزیکەی سی ساڵ بووە، لەو ماوەیەدا بووەتە پێشەنگی چاپخانە ناودارەکانی ئەو سەردەمە، تەنانەت لە بواری بڵاوکردنەوەشدا زۆر پەلی هاویشتووە و بووتە خانەیەکی گرنگی چاپ و بڵاوکردنەوە، (فەرەجوڵا) پەیوەندی زۆر فراوانی لەگەڵ گەورە نووسەر و زانایانی ئایینی ئەو سەردەمەدا هەبووە، خۆشی زۆر چوست و چالاک و پڕ زانیاری بووە و ئەو کتێبانەی چاپیکردوون سەرجەمیان کتێبی گرنگ و پڕ بایەخ بوون. بەهۆی زانیاری بەربڵاویەوە ڕەنگە یەکەم چاپخانە یان خانەی بڵاوکردنەوە بێت، کە زۆر گرنگی بەلایەنی زانستی کتێبەکان داوە، هەردووکیان هەڵەچنی و پاکنووسی دەستنووسەکانیان کردووە، چونکە زۆربەی ئەو کتێبانەی چاپیانکردوون، دەستنووسی گرنگ و کۆن بوون.

پێدەچێت لە سەرەتاوە ئەم دوو زانایە هەڵگری بیری سەلەفی بووبن، بۆیە دەبینین یەکەمین چاپی کتێبەکانی (ئیبن تەیمیە)، کە پێنج بەرگە و کتێبەکانی (ئیبن قەییم)، لەو چاپخانەیەدا چاپکراون، هەروەها چەندین دەستنووسی کۆنی وەک (ئیبن سینا، ئەلنەسفی، ڕازی، بەیزاوی، ئیبن عەرەبی، ئیبن حاجب، تەفتازانی، کلوزانی، غەزالی،...) بەڵام لە پێشهاتێکی سەیردا و لە ساڵانی دووایدا گرنگیان بە چاپکردنی (کتێبی بەهائییەکان) داوە، بۆیە دەوترێت بوونەتە هەڵگری ئەو بیروباوەڕە، جگە لەو کتێبە ئایینیانە تەنانەت وەرگێڕانی کتێبێکی (تۆلستۆیش) لەوێ چاپکراوە.

ڕاستە لەو چاپخانەیەدا کتێبی کوردی چاپنەکراوە، تەنیا دوو کتێبیان بۆ زانای گەورەی کورد (عەبدولقادر محەمەد سەعید تەختی کوردستانی) ناسراو بە (سەنەندەجی) بە زمانی عەرەبی چاپکردووە، بەڵام ئەمە لە گرنگی مێژوویی چاپخانەی زانستیی کوردستان، کەمناکاتەوە و شانازیەکی گەورەی نێو مێژووی چاپەمەنی کوردی و ئیسلامی و عەرەبییە، شایەنی لێکۆڵینەوەی جدی و بنکۆڵکارییە و دەکرێت لەو ڕێیەوە مێژووی چەندین فێرخوازی کورد کە دەرچووی ئەزهەرن و کتێبی زۆر دانسقەی ئایینی و زانستە شەرعیەکانیان نوسیوە، بە خوێنەری کورد ئاشنا بکرێت. 

سەرچاوەکان

١- د.عماد عبدالسلام روٶف، مطبعة کردستان العلمیة تأریخها و مطبوعاتها.

٢- معروف خزندار، تأریخ الصحافة الکردیة.

٣-فەرهاد پیرباڵ، کۆمەڵێک وتار لەبارەی مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیەوە، سلێمانی ٢٠٠٩.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین