سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق په‌رله‌مانتاران به‌ مووچه‌ سزا ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌شیر حه‌داد جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى كرد، مووچه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ له‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان ئاماده‌ نابن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یه‌كى ئه‌یلوول، د.به‌شیر حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق ئاشكراى كردووه‌، مووچه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ ئاماده‌ى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان نابن.

به‌شیر حه‌داد روونى كردووه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ته‌واونه‌بوونى رێژه‌ى یاسایى ئاماده‌بووان، په‌رله‌مان ناتوانێ دانیشتن بكات و ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ بدات كه‌ ئاماده‌ن، بۆیه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان جارێكى تر كار به‌ لێبڕینى مووچه‌ى په‌رله‌مانتاران ده‌كات و به‌شێك له‌ مووچه‌كانیان یان ته‌واوى مووچه‌ى هه‌ندێكیان ده‌بڕێت.

پێشتر په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى كرد بوو، كه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێك هه‌یه‌ تا ئێستا له‌ هیچ دانیشتنێكى په‌رله‌مان ئاماده‌ نابن، له‌وانه‌ نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، راكان جبوورى پارێزگارى كه‌ركووك، ئه‌سعه‌د عیدانى پارێزگارى به‌سره‌.

دوێنێ سه‌لیم شوشكه‌یى په‌رله‌مانتارى كورد له‌ لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌وه‌ كرد، پێناچێ په‌رله‌مانى عێراق بتوانێ هیچ دانیشتنى تر بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین