رووسیا دان به‌ به‌ره‌ى دژى تاڵیبان ده‌نێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سێرگى لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا رایگه‌یاند، تاڵیبان ده‌ستى به‌سه‌ر ته‌واوى خاكى ئه‌فغانستان نه‌گرتووه‌، به‌ره‌یه‌كى به‌ره‌نگارى له‌ پێنجشێر به‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مروڵا ساڵح و ئه‌حمه‌د مه‌سعود دروست بووه‌. ئه‌مه‌یش یه‌كه‌م ئاماژه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێت بۆ ئه‌و به‌ره‌یه‌ى كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ دژى تاڵیبان پێكهاتووه‌.

چه‌ند رۆژێكه‌ به‌ره‌یه‌ك به‌ ناوى "به‌ره‌ى باكوور" یان "به‌ره‌ى دووه‌مى باكوور" له‌ ئه‌فغانستان راگه‌یێندراوه‌. ئه‌و به‌ره‌یه‌ سیاسى و چه‌كدارییه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌حمه‌د مه‌سعود كوڕى ئه‌حمه‌د شا مه‌سعود سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت كه‌ باوكى پێشتر له‌ دژى تاڵیبان به‌ره‌یه‌كى هه‌بوو به‌ ناوى "به‌ره‌ى باكوور". جگه‌ له‌ ئه‌حمه‌د مه‌سعود ئه‌مروڵا ساڵح جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ به‌ره‌كه‌دایه‌ و خۆیشى وه‌ك سه‌رۆكى "ره‌وا"ى ئه‌فغانستان ناساندووه‌.

ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌ باكوورى رۆژهه‌ڵاتى كابول له‌ ویلایه‌تى "پێنجشێر" پێكهاتووه‌ و ئه‌مه‌یش تاكه‌ ویلایه‌ته‌ كه‌ تا ئێستا نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان.  ئه‌حمه‌د مه‌سعود له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا كۆمه‌ڵێك په‌یامى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌وانه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ داوه‌ سیاسه‌تى باوكى په‌یڕه‌و ده‌كات و بۆ ئازادى و یه‌كسانى و دژایه‌تى تاڵیبان ده‌جه‌نگێ.

له‌ په‌یامێكى تر ئه‌حمه‌د مه‌سعود داواى له‌ رۆژئاوا كردووه‌ چه‌كیان پێ بدات، بۆئه‌وه‌ى بتوانن به‌ره‌نگارى بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان ببنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ى جێى تێبینى بێت ئه‌حمه‌د مه‌سعود ته‌مه‌نى ته‌نیا 32 ساڵه‌ و ئه‌زموونى سیاسى كه‌متر له‌ ساڵێكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش هێڵه‌ گشتییه‌كانى سیاسه‌تى خۆى دیارى كردووه‌. له‌وانه‌ له‌ دژى گفتوگۆى نێوان ئه‌مریكا و بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان بوو، پێیوابوو ئه‌مه‌ له‌ به‌رژوه‌ندى ئه‌فغانییه‌كان نییه‌. جیا له‌وه‌یش داواى ئیداره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى ویلایه‌ته‌كان ده‌كات و پێیوایه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى مه‌ینه‌تییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌وه‌دایه‌ ته‌واوى هه‌رێمه‌كان له‌ كابوله‌وه‌ ئیداره‌ ده‌كرێن.

له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوودا ئه‌حمه‌د مه‌سعود چه‌ند وتارێكى له‌ رۆژنامه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ رۆژنامه‌ى واشنتن پۆسته‌، له‌و وتاره‌دا داواى چه‌ك له‌ ئه‌مریكا ده‌كات و ئه‌مریكا به‌ تاكه‌ ئومێدى ئه‌فغانییه‌كان ده‌زانێ.

تا ئێستا له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى هیچ وڵاتێكى دنیا باس له‌و به‌ره‌ نوێیه‌ى ئه‌فغانستان نه‌كردووه‌، په‌یامی یه‌كه‌م له‌ رووسیاوه‌ هات، ئه‌ویش له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى بوو كاتێك سێرگى لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا گوتى، "تاڵیبان ده‌ستى به‌سه‌ر ته‌واوى خاكى ئه‌فغانستان نه‌گرتووه‌".

به‌گوێره‌ى ئه‌و لێدوانه‌ى كه‌ له‌ ئارتى رووسى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لاڤروڤ ده‌ڵێ، "زانیارى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ دۆڵى پێنجشێر هێزه‌كانى به‌ره‌نگارى سه‌ربه‌  ئه‌مروڵا ساڵح جێگرى سه‌رۆكى ئه‌فغانستان و ئه‌حمه‌د مه‌سعود كۆده‌بنه‌وه‌"

ئه‌م لێدوانه‌ى لاڤرۆڤ وه‌ك یه‌كه‌م دانپێنان ده‌بێت به‌ به‌ره‌ى به‌ره‌نگارى تاڵیبان به‌ تایبه‌تیش كاتێك ده‌ڵێ، "ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كانى ئه‌فغانستان بكه‌ونه‌ دانوستاندن".
.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین