ئایا‌ تاڵیبان ڕێگە ده‌دات ئیمارات فڕۆكه‌خانه‌كانى به‌رێوه‌ ببات؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ ناو شاره‌كان كۆمپانیا ئیماراتییه‌كان به‌شێكی فڕۆكه‌خانه‌ی كابولیان بەرێوه‌ده‌برد، به‌ڵام له‌دوای روخاندنی حكومه‌تی پێشوو، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ توركیا و قه‌ته‌ر ئه‌و ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یە به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، هێشتا گفتوگۆكانی نێوان توركیا و قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تاڵیبان كۆتایی نه‌هاتووه‌، چاودێرانی سیاسی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئیماراتیش له‌ به‌رێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌فغانستان به‌شدار بێت.

له‌ (22)ی مانگی رابردوو سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسی به‌ ماڵپه‌ڕی (ئه‌نادۆڵ)ی رایگه‌یاند، "ئه‌نقه‌ره‌ و ده‌وحه‌ رێككه‌وتن به‌هاوبه‌شی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول به‌رێوه‌ ببه‌ن، بڕیاره‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تاڵیبان گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن."

له‌م باره‌یه‌وه‌ مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، "بیرۆكه‌ی به‌رێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول به‌هاوبه‌شی بۆ هه‌موولایه‌ك روونه‌‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر رێككه‌وتووین دوو كۆمپانیای توركی و قه‌ته‌ری پێشنیازه‌كانیان له‌بواری ئابووری و وه‌به‌رهێنان و ئه‌منی بخه‌نه‌ڕوو، هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕیان بكه‌ن، پاشان گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌ركامیان ئه‌رێنی بوو ئه‌و هه‌ڵده‌بژێرن ئه‌گه‌ر ناكۆكیه‌كیش هه‌بوو چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ كاركردنمان پێكه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول، له‌ هه‌مانكات پێنج فڕۆكه‌خانه‌ی تر هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌وانیش به‌ڕێوه ‌ببردرێن." 

محه‌مه‌د نه‌عیم وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌ ماڵپه‌ڕی (ئه‌نادۆڵ)ی راگه‌یاند، "هێشتا گفتوگۆكان به‌رده‌وامه‌ و رێكنه‌كه‌وتوون، هه‌ندێك گفتوگۆش له‌سه‌ر به‌شداری كۆمپانیا ئیماراتییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك نییه‌."

عه‌لی هێل چاودێری سیاسی قه‌ته‌ری راگه‌یاند، "به‌شداری ئیمارات له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و توركیا ده‌بێت، تا ئێستا لێدوانی نافه‌رمی زۆره‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئیمارات له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ به‌شداری له‌ به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌فغانستان، ئێستاش په‌یوه‌ندی ئیمارات و توركیا و قه‌ته‌ر زۆر باشه‌، بۆیه‌ به‌‌دووری ده‌زانم تاڵیبان داواكه‌ی ئیمارات ره‌ت بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ وڵاته‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌فغانستان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، تاڵیبان له‌ چه‌ند رووێكه‌وه‌ قازانج ده‌كات، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی باش‌ بۆ تاڵیبان، هه‌روه‌ها توانایه‌كی زۆرشی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌."

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، "تاڵیبان متمانه‌ی زۆر به‌ قه‌ته‌ر هه‌یه‌‌، چونكه‌ له‌ (2013) تا ئێستا سه‌رپه‌رشتی و چاودێری دۆسیه‌ی ئه‌فغانی ده‌كات، هاتنی ئیمارات بۆ ناو ئه‌و دۆسیه‌ له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ له‌ دوای سه‌ردانی محه‌مه‌د بن زاید بۆ ئه‌نقه‌ره‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا به‌هێز بووه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و سێ وڵاته‌ پێكه‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌فغانستان پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن."

فڕۆكه‌خانه‌ی كابولی نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، چونكه‌ هێڵی سه‌ره‌كیی ئه‌فغانستانه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاته‌ هیچ رێڕه‌وێكی ده‌ریایی نییه‌، له‌ هه‌مانكات ملیۆنان خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ رووبه‌ڕووی چه‌ندین مه‌ترسی مرۆیی بووینه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین