فالح فەیاز: دەبێت هێزێكی هاوشێوەی سوپای پاسداران لە عێراق هەبێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فالح فەیاز سەرۆكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران گوتوویەتی، “دەبێت هێزێكی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق هەبێت”.

ئەمڕۆ دووشەممە نۆی ئاب، چەند ماڵپەڕ و رۆژنامەیەكی عەرەبی و جیهانی باسیان لە ناوەڕۆكی دیدارەكەی فالح فەیاز و حوسێن سەلامی كردووە. ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەو دیدارە بۆ ئێران بە گرنگ دەزانرێت، چونكە پەیوەندی نێوان میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئێران لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئیبراهیم رەئیسی نوێ دەكاتەوە.
ماڵپەڕی كەناڵی ئەلعەرەبییە چەند گوتەیەكی فالح فەیازی بڵاوكردووەتەوە، لەوانە گوتوویەتی، "دەبێت هێزێكی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق هەبێت". 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شاندێكی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە تاران بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران، دواتر لە ئێران چەندان دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجام داوە و لەوانە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی كۆبوونەتەوە و ئەویش دووپاتی لەسەر پاڵپشتی خۆی بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كردووەتەوە.
فالح فەیاز  لە دیمانەكەی لەگەڵ سەلامی گوتوویەتی، "ئێمە شانازی بە نموونەی سوپای پاسداران دەكەین و بۆیە ئەمڕۆ ئەركی ئێمەیە ئەزموونی سوپای پاسدارانی ئێران بەگوێرەی یاسا و تایبەتمەندی عێراق بەكاربهێنن".
حەشدی شەعبی بە فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دانراوە، بەڵام دواتر ئێران پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەم میلیشیایە دروست كردووە و ئەوانیش نكۆڵی لە پابەندبوونی خۆیان بە سیاسەت و بەرژوەندییەكانی ئێران ناكەن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین