ناوخۆیی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت، به‌ دوورى زانى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌م كاته‌دا به‌ ته‌نیا داواى ئێران جێبه‌جێ بكات و بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌ كوردییه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان بدات، به‌رپرسێكى حدكایش داواكه‌ى ئێران له‌ كازمى به‌ "بێ مانا" وه‌سف ده‌كات.

سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى ئێرانى كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى ئێران كۆبووه‌وه‌. سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى له‌ كاتێكدا بوو كه‌ ئێران ده‌ستى به‌ هه‌ڕه‌شه‌ كرد بوو، داواى ده‌ركردنى هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرد. له‌ كاتى دیداره‌كه‌ى كازمى له‌گه‌ڵ عه‌لى شه‌مخانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران ئه‌و داوایه‌یش له‌ كازمى كرا،  كه‌ كار بكات بۆ چه‌ككردن و ده‌ركردنى هێزه‌ كوردییه‌كان.

ناسر هه‌ركى:
كازمى بڕیارى له‌م شێوه‌یه‌ نادات

هه‌ر چه‌نده‌ حكومه‌تى عێراق به‌ فه‌رمى هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى كازمى له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ى ئێران بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك چاودێران و به‌رپرسان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، به‌ دوور ده‌زانرێ كازمى بتوانێ ئه‌م جۆره‌ بڕیاره‌ بدات.

ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌  عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌وه‌ كرد له‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌ داواكارى له‌م شێوه‌یه‌ش ده‌كرێت به‌ڵام مه‌رج نییه‌ یه‌كسه‌ر بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت، ناسر هه‌ركى گوتى، "لەمجۆرە سەردانەدا ئەم گفتوگۆیانە ئاسایین لەنێوان دوو وڵات دەکرێن، بێشک هەر وڵاتێک پێی خۆش نییە ئەو حزبانەی کە دژی وڵاتەکەن لە گەشەکردن بن و کاروچالاکییان هەبێت، بەڵام ئەوان ئێستا وەکو ئاوارەیەک لێره‌ن، باوەڕ ناکەم پێش هەڵبژاردنەکان کازمی هیچ بڕیارێکی وا بدات، گومانیش لەوەدا نییە دوای ئەوەی دەگەڕِێتەوە، دانیشتن لەگەڵ لایەنەکان و بەرپرسانی حکومەت ئەنجام دەدات، چونکە ئەو  بڕیارە ئاسان نییە بە تەنیا بدرێت، ئەو بڕیارێکی تاکلایەنانە نادات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات".

 حه‌مه‌ نه‌زیف قادرى ئه‌ندامى ده‌فته‌رى سیاسى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت هاوشێوه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى عێراق، پیێوایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ "پرۆتۆكۆڵى" باس كراوه‌، ئه‌گه‌ریش له‌رووى واقیعیه‌وه‌ سه‌یر بكرێت، ئه‌و به‌ بڕواى ئه‌و  داواكه‌ بێ مانایه‌ و كازمیش بڕیارى له‌سه‌ر نادات".

حه‌مه‌ نه‌زیف:
داواكه‌ى ئێران له‌ كازمى بێ مانایه‌



حه‌مه‌ نه‌زیف قادرى له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "ئەو داوایەی کە لە بەڕێز کازمی كراوه‌ قسەیەکی بێمانایە. یەکەم هێشتا فەرماندەرانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی ئێرانی ڕووبەرووی ئەوە نەبوونه‌ته‌وه‌ و نازانن بابەتی کورد بابەتێکی گرێدراوە بە یەکەوە، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی پرسی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی سیاسیەوە رابردووی خەباتگێرییان گرێ دراوە بەیەکەوە بابەتێكی نەتەوەیی لەو بەینەدا هەیە، بۆیە لە هیچ بنەمایەکدا ئەو داوایە جێگای قبوڵکردن نییە و قسەیەکی بێمانایە، دووەمین بەڕێز کازمیش بە حکومی ئەو بەرپرسیارێتیەی هەیەتی و پێگەی جەماوەری و سیاسی خۆی بەرژەوەندی خۆی باش دەزانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەو کەسایەتییەکە لە مێژە لە نێو بابەتی سیاسی و ئەمنی و حکومرانی عێراق و ناوچەکە شارەزایی هەیە، بۆیە نە کازمی ئەو داوایەی ئەوان بێ تێبینی وەردەگرێت و پێی وابێت ئەوە لە بەرژەوەندی عێراق و خودی خۆی و هەرێمی کوردستانە، لەهەر حاڵەتێکدا دەکرێت وا پێناسەی بکەین ئەوە باسێکە یاخود بابەتێکە لەنیوان ئەو دوو لایەنە بووە شتێکی پڕۆتۆکۆلی بووه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین