به‌هۆى سه‌رقاڵبوونى به‌ عێراقه‌وه‌ ئێران وازى له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى هێناوه‌! کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

به‌ هۆى ئاڵۆزییه‌كانى عێراقه‌وه‌، ئێران ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ وازى له‌ هه‌ڕه‌شه‌ زاره‌كییه‌كانى بۆ سه‌ر حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستان هێناوه‌، به‌رپرسێكى باڵاى حدكایش ده‌ڵێ، "به‌ شێوه‌یه‌كى تر هێرش و پیلانگێڕییه‌كانى ئێران به‌رده‌وامه‌".

ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئێران “مانگى ئه‌یلوول”، به‌رده‌وام له‌ هه‌فته‌ى چه‌ند جارێك به‌رپرسانى سوپاى پاسداران هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كرد و داواى ده‌ركردنى هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانیان ده‌كرد. به‌ڵام وه‌ك تێبینى ده‌كرێت له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ هۆى ئه‌و رووداوانه‌ى كه‌ له‌ گۆڕه‌پانى عێراق رووده‌ده‌ن، ئێران و میلیشیاكانى به‌شێكن له‌و رووداوانه‌، بۆیه‌ ئێران وازى له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى هێناوه‌ و به‌ بابه‌تى تره‌وه‌ سه‌رقاڵه‌.

ئەمرۆ یەکشەممە 14ی تشرینی دووەم "نۆڤەمبەر" حەمە نەزیف قادرى ئه‌ندامى ده‌فته‌رى سیاسى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران "حدكا" لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت، پێیوابوو هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران هه‌میشه‌ له‌ دژى حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵات بوونى هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى زاره‌كیش نه‌بێت ئه‌وا ئێران هه‌میشه‌ به‌دواى پیلانگێڕییه‌، حه‌مه‌ نه‌زیف قادرى گووتی، "هەڕەشەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێکدا بووە و بەردەوام لە هەوڵی زەڕبە وەشاندن و زیانگەیاندنە بە حزب و لایەنە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و بە تایبەت هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هیچ کاتێکدا ئێمە جمهوری ئیسلامی ئەو هێرشانەی رانەگرتووە و بەردەوامە". 

حەمە نەزیف ئاماژەی بەوەشدا، "ئێران بەردەوام لە پیلان و پیلانگێری دایە، سیاسەتێكی بەرفراوانی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لە هەموو وڵاتانی عەرەبی کە کەمینەیەکی شیعە هەبێت یاخود چەندین گرووپی میلیشیایی ئەوانە بە مەبەستی پاراستنی سیاسیەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرێت و شەری پێدەکات".

له‌كۆتایى قسه‌كانى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ده‌فته‌رى سیاسى حدكا گوتیشى، "بەپێی ئەزموونی سیاسی کە هەمانە و ئەو هەڕەشەیەی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر ئێمە هەبووە شتێکی سروشتیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەمنیەتی خۆمان وەرگرتووە لە هاتووچۆ و جموجۆڵیەکانمان".

له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ له‌ 10ى مانگى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. دواتریش له‌ هه‌فته‌ى رابردوو هه‌وڵى كوشتنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق درا، كه‌ گومان ده‌كرێت لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران ده‌ستیان له‌و كاره‌ هه‌بێت. ئه‌مه‌یش ئێرانى سه‌رقاڵكردووه‌ وه‌ك چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن ئێران ده‌یه‌وێ له‌م بارودۆخه‌دا نه‌رمى بنوێنێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین