میلیشیاى شیعه‌ى عێراق به‌شدارى له‌ سه‌ركوتكردنى خۆپیشاندانه‌كانى ئێران ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چه‌ند ماڵپه‌ڕێك ئاشكراى ده‌كه‌ن، ئێران به‌ سه‌دان چه‌كدارى میلیشیاكانى شیعه‌ى عێراقى گواستۆته‌وه‌ ئه‌هواز بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ركوتكردنى خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌كاریان بهێنێ.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24 ى ته‌مووز خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌هوازى ئێران بۆ نۆیه‌م رۆژ به‌رده‌وامه‌ و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داوا له‌ هێزه‌كانى ئێران ده‌كه‌ن، تووندوتیژى ده‌رهه‌ق به‌ خۆپیشانده‌ران به‌كارنه‌هێنن كه‌ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌به‌رانبه‌ر خراپى بژێوى و خزمه‌تگوزارى رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، چونكه‌ باس له‌ كوژرانى چه‌ندان خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت.

له‌دوایین راپۆرتیدا ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى دوێنێ هه‌ینى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، ئێران میلیشیاكانى شیعه‌ى عێراق بۆ سه‌ركوتكردنى خۆپیشانده‌ران به‌كارده‌هێنێ. ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌ڵێ سه‌رچاوه‌كان دووپاتى ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ نزیكه‌ى هه‌زار و 500 چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبى به‌ ته‌واوى پێداویستییه‌كانیان ره‌وانه‌ى ئه‌هواز كراون.

سكاى نیوز باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ ئێران هێزى میلیشیاكان له‌ ناوخۆى به‌كار بهێنێت و له‌ساڵى 2019 یش به‌سه‌رپه‌رشتى ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى حه‌شدى شه‌عبى بوو له‌ كانوونى دووه‌مى 2020 له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران له‌ عێراق كوژرا، سه‌رپه‌رشتى سه‌ركوتكردنى جووڵانه‌وه‌كانى ئه‌هوازى كردووه‌.

ئه‌هواز "خوزستان" ناوچه‌یه‌كى عه‌ره‌بنیشینى ئێرانه‌، ده‌كه‌وێته‌ باشوورى رۆژئاواى ئه‌م وڵاته‌. دانیشتووانى نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌س ده‌بن و چه‌ندان جار له‌ دژى ده‌سه‌ڵاتى ئێران راپه‌ڕیون.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین