ڕێگەی گەشە؛ گەڕانەوەی عێراق و تورکیا  بۆ هێڵی ئاسنی سەردەمی عوسمانی؟ وەرگێڕان

نوچە نێت

عەتا محامەد تەبریز

وەرگێڕانى: سۆران جەلیل

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەزاران داستاندا، پڕۆژەیەکی بەرزەفڕانە لە حاڵەتی وەدیهاتنە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هاوسەنگی هێز و ئابووری ناوچەکە بگۆڕێت.

بەغدا و ئەنقەرە بە هەنگاوی توکمە و وەبەرهێنانی گەورە، بەدوای دروستکردنی ڕێگەیەک لە نێوان بەندەری فاو و سنووری تورکیاوەن، تاکوو ئەم ڕێگەیە بکرێتە دەروازەیەک بۆ گرێدانی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە. ئەم پلانە گەورەیە کە ناوی "رێگەی گەشە"ی لێنراوە، نیگەرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی لێ کەوتووەتەوە.

سەرەڕای ئەمەش، بەغدا و ئەنقەرە سوورن لەسەر پێشخستنی ئەم پڕۆژەیە. ئەوان لە 29ی ئۆگەستی ئەمساڵدا لە ئەستەنبووڵ کۆبوونەوەیەکیان ساز دا، تاکوو پابەندبوونی خۆیان بەم پڕۆژەیە بسەلمێنن. عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵوو، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا، پڕۆژەکەی وەکوو ڕێگەی "ئاوریشمی نوێ" وەسف کرد کە نەک تەنیا وەرچەرخان لە بازرگانی جیهانیدا دەکات، بەڵکوو دەبێتە بزوێنەری گەشەکردن و گەشەپێدان بۆ هەموو وڵاتانی بەشداربوو.

بڕیاری جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە نیگەرانی قووڵی لە تاران دروست کردووە، چونکە سەرکەوتنەکەی دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو هاوسەنگی هێز و دەسەڵات لە ناوچەکە بگۆڕێت و ئێران لە هاوکێشە نوێیەکان دوور بخاتەوە. ڕەنگە ئەم پڕۆژەیە نەک هەر پێگەی ئێران لە بازرگانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لاواز بکات، بەڵکوو هەوڵەکانی ئەم وڵاتە بۆ پاراستنی نفووزی سیاسیشی لە عێراق بخاتە مەترسییەوە.

گەڕانەوە بۆ هێڵی ئاسنی سەردەمی عوسمانی؟

پڕۆژەی ڕێگەی گەشە، ڕێڕەوێکی بازرگانییە بە بەشداری تورکیا، عێراق، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی جێبەجێ دەکرێت و ئامانجیشی بەستنەوەی ئاسیایە بە ئەورووپاوە. ئەم پلانە بریتییە لە دروستکردنی تۆڕێکی ڕێگەوبان و هێڵی ئاسن بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر لە بەندەری فاوەوە دەست پێ دەکات و تا سنووری تورکیا درێژ دەبێتەوە. لە تورکیاش 320کیلۆمەتر ڕێگەی خێرا و 615 کیلۆمەتر هێڵی ئاسن بۆ بەستنەوەی ئەم ڕێگەیە بە ئەورووپاوە دروست دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی زیادکردنی بازرگانی ناوچەیی و کەمکردنەوەی کاتی گواستنەوە و دروستکردنی ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ ڕێگە بازرگانییەکانی ئێستە پلانی بۆ داڕێژراوە.

خاڵی وەرچەرخانی ئەم پڕۆژەیە لە 22ی ئەپریلی 2024بوو، کاتێک کە هەر چوار وڵاتی بەشداربوو تێگەیشتننامەی هاوکاری هاوبەشیان واژۆ کرد. لە بەیاننامەی ئەم پڕۆژەیەدا جەخت لەوە کرابووەوە، کە ڕێگەی گەشە، پڕۆژەیەکی ستراتیجییە یارمەتی بەهێزکردنی گەشەی ئابووری، زیادکردنی هاوکاریی ناوچەیی و ئابووری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات و هەروەها ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان باشتر دەکات و هاتوچۆی بازرگانی لە کەناڵی سوێس کەم دەکاتەوە.

ئەم پڕۆژەیە لە سێ قۆناغدا پلانی بۆ دانراوە و بڕیارە قۆناغی یەکەم تا ساڵی 2025، قۆناغی دووەم تا ساڵی 2023 و قۆناغی کۆتایی تا ساڵی 2050 تەواو بێت. ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێڕەوە ستراتیجییە، گواستنەوەی بەشێکی زۆری بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەورووپایە لە ڕێگەی تورکیاوە، لەبری بەکارهێنانی کەناڵی سوێس. یەکێک لە سوودە دیارەکانی ئەم پڕۆژەیە، کەمبوونەوەی تێچوو و کاتی گواستنەوەیە؛ بەجۆرێک کە داڕێژەرانی پڕۆژەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن؛ ئەو کاڵایەی لە بەندەری فاوەوە بۆ ئەورووپا لە ڕێگەی گەشەوە بەڕێ دەکرێت بە بەراورد بە ڕێگەی کەناڵی سوێس 15ڕۆژ کەمترە.

هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە ڕەهەندی هاوچەرخی هەیە، بەڵام زەکەریا کورشون، مامۆستای زانکۆی فاتیح لە ئەستەنبووڵ دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە درێژکراوەی هێڵی شەمەندەفەری ئەستەنبووڵ-بەغدای سەردەمی عوسمانییە. ئەم هێڵی شەمەندەفەرە لە سەردەمی عەبدولحەمیدی دووەمدا بەرنامەڕێژی بۆ کرابوو، بەڵام دەستتێوەردانەکانی بەریتانیا لەو سەردەمەدا ڕێگەیان بە تەواوبوونی نەدا. کورشون جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەکەی ئێستەش کەم نابن.

پردی پێوەندی نوێی نێوان تورکیا و عێراق بۆ ئاسایش و گەشەی ئابووری

پڕۆژەی ڕێگەی گەشە بۆ تورکیا گرینگییەکی ستراتیجی هەیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی. ئۆراڵئۆغڵوو بە جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی دۆخی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی تورکیا بەم پڕۆژەیە گوتی: "بەم پڕۆژەیە، لە بەندەری فاوەوە تا لەندەن دەتوانین بە شەمەندەفەر و ڕێگەوبان بەبێ وەستان بگەین بە هەموو وڵاتێکی ئەورووپایی."

کۆی تێچووی پڕۆژەی ڕێگەی گەشە بە زیاتر لە 17ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڵام شارەزایانی ئابووری و وزەی ئەم دوو وڵاتە دەڵێن، ئەم وەبەرهێنانە لە بەرانبەر ئەو داهاتەی کە ئەم پڕۆژەیە بە تورکیا و عێراقی دەبەخشێت، زۆر کەمە. جگە لەمەش، تورکیا دەیەوێت پێگەیەکی نوێی جیهانی بۆ خۆی دروست بکات. پێگەیەک کە هەڵکەوتەی ئەم وڵاتە چ لە ئابووری جیهانی و چ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکات.

تورکیا ستراتیجیی هاوبەش یان دروستکردنی ڕێڕەوی جیاواز لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات یان باکوور و باشووری بۆ ئەوە دەوێت کە ئاسایشی ئابووری خۆی زیاتر بکات، لە بەرانبەر گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و فشارە نێودەوڵەتییەکان خۆڕاگرتر بجوولێتەوە و هێزی دانوستاندنەکانی خۆی لە هاوکێشە جیهانییەکاندا زیاتر بکات.

هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش، ئەم پڕۆژەیەی بە "رێگەیەکی ئاوریشمی نوێ کە خزمەت بە ئاشتی ناوچەکە دەکات" پێناسە کردووە. ئەردۆغان ڕایگەیاند پڕۆژەی ڕێگەی گەشە، هاوکاری ئابووری لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات و یارمەتی بە ئامانجی تورکیا لەوەی ببێتە ناوەندێکی بازرگانی ناوچەیی دەکات.

لە بەغداش پڕۆژەی ڕێگەی گەشە وەک دەرفەتێکی ناوازە بۆ خێراکردنی گەشەی ئابووری، کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و مۆدێرنکردنی ژێرخانی وڵات سەیر دەکرێت. ڕەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، پێی وایە پڕۆژەی ڕێگەی گەشە، عێراق بە تۆڕە بازرگانییە جیهانییەکانەوە دەبەستێتەوە و ئەم وڵاتە دەکاتە ناوەندێکی گرینگی ترانزێت.

ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا پێداویستییە ناوخۆیییەکانی عێراق دابین دەکات، بەڵکوو بەشێک لە پێداویستییەکانی وڵاتانی دیکەی کەنداویش بۆ گواستنەوەی کاڵاکان چارەسەر دەکات. لەم سۆنگەیەوە بەغدا لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەرفەتی ڕۆڵگێڕانی زیاتری لە کەنداو دەبێت و دەتوانێت پێگەی لەدەستچووی خۆی لەم ناوچەیەدا بەدەست بهێنێتەوە.

وا دیارە بەغدا ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا بۆ پتەوکردنی ئاسایشی ناوخۆیی، بەڵکوو بۆ لابردنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان و یەکگرتووییی نەتەوەییش بەکار دەهێنێت. سەعداوی ڕۆژی 29ی ئۆگەست ڕایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنگەلێکی گرینگ، بەڵام ئەو لەبارەی یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کە پێوەندی بە هێزە شیعییەکانەوە هەیە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، هیچ لێدوانێکی نەدا.

هەروەها وا دیارە تورکیا و عێراق لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بەدوای ئامانجی هاوبەشی دیکەشەوە بن، ئەویش لەناوبردنی پەکەکەیە کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" و بەغدا بە "نایاسایی" دادەنێت. هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەم ڕێڕەوە، عێراق پەیماننامەی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ تورکیا بەستووە. بەهەرحاڵ، ئاڵنگارییەکانی وەک دابینکردنی دارایی و دۆخی ئەمنی عێراق هێشتا دەتوانن کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی ئەم ڕێڕەوە هەبێت.

ململانێی جیۆپۆلەتیکی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم تورکیا و عێراق

دەستەواژەی جەنگی ڕێڕەوەکان (Corridor wars)[1] ئاماژەیە بۆ ململانێی نێوان هێزە گەورە و ناوچەیییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی. پڕۆژەی ڕێگەی گەشە دەبێت وەک بەشێک لەم ململانێیە لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتی کە ئامانجی باشترکردنی پڕۆژەکانی وەک گەڵاڵەی "پشتێنە، ڕێگا"ی چین[2] یان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێڕەوی ئابووری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپایە (IMEC)[3] کە بە پاڵپشتی ئەمریکا بەرنامەڕێژی کراوە و ئیسرائیلیش لەخۆیدا جێ دەکاتەوە. ئەم بابەتە ئیرادە و بڕیاری تورکیای بۆ ڕۆڵی گەورەتر لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشە هێندەی تر سەرسەختتر کردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین چاودێری کاریگەری ئەم پڕۆژەیە لەسەر هاوسەنگییە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکەن. چین بەدواداچوون بۆ ئەگەری تێکەڵکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشە لەگەڵ گەڵاڵەی "پشتێنە، ڕێگا"ی خۆیدا دەکات و هەندێک پێیان وایە پێشوازی لێ دەکرێت، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم پڕۆژەیە وەک ڕکابەرێک بۆ پڕۆژەی (IMEC) دەبینێت. سەرەڕای ئەمەش، ئەمریکا لە دوای دانوستاندنەکان لەسەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشە لە نێوان تورکیا و عێراق، ڕایگەیاند پاڵپشتی لە هەوڵەکانی بەغدا بۆ "هەمەچەشنکردنی" ئابوورییەکەی دەکات.

ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێران نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە، چونکە دەتوانێت ڕێگەکانی وزە و هێڵە بازرگانییەکانی ئێران پەراوێز بخات. لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە ئێران پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە ڕکابەری بۆ ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا و بوژانەوەی ڕێگەی ئاوریشم و گرینگی ستراتیجی ئەم وڵاتە کەم دەکاتەوە.

هەندێک لە شرۆڤەکارانی نزیک لە حکوومەتی ئێران پێیان وایە بەدیهێنانی ئەم پڕۆژەیە "بە واتای دوورکەوتنەوە لە ئێران بە هۆی نەخشەکێشانی ڕێڕەوەکان لە لایەن زلهێزەکان و هاوپەیمانییە ناوچەیییەکان" دێت. هەندێکی تریش دەڵێن گرینگیپێدانی بەندەری فاو، هەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەندەری چابەهار پەراوێز دەخات.

میدیاکانی تورکیا لە بابەتگەلی جۆراوجۆردا باسیان لە پێویستی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی تاران سەبارەت بەم پڕۆژەیە کردووە، چونکە پێیان وایە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی گرووپە بە وەکالەتەکانییەوە دەتوانێت ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروست بکات. سەرەڕای ئەمەش، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرگریکردنی ئێران لە بەرانبەر ئەم پڕۆژەیە شکستی هێناوە و ئێستە پشتیوانی لێ دەکات. ناوبراو ڕایگەیاندووە لە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران، ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم سزایانە کار بکات.

بانگەشەیەک کە لە بەرانبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی گرینگی خۆی لە دۆخی ترانزێتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ئەوەندە پەسندکراو خۆی نانوێنێت. بەتایبەتی ئێران لەگەڵ تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوایدا لە پێوەند بە ڕێڕەوی زەنگزوور[4] ئاڵنگاری جددی هەیە و پڕۆژەکانی وەک ئەمانە دەتوانن ناڕەزایەتییەکانی تاران شێلگیرتر بکەن. ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش سەبارەت بە پڕۆژەی ڕێگەی گەشە ڕایگەیاندووە، ڕێگە نادەین بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ئێران لە پێوەند لەگەڵ داڵان و ڕێڕەوەکاندا پشتگوێ بخرێن.

پڕۆژەی ڕێگەی گەشە سەرەڕای بڕیارە جددییەکانی تورکیا و عێراق بۆ جێبەجێکردنی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری جددی دەبێتەوە. ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچەکە و بە تایبەت لەگەڵ ئێران و هەروەها کاردانەوەی نادیاری زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و نەبوونی هەڵوێستی ڕوونی چین لەم بوارەدا، هاوکات لەگەڵ ئاستەنگە ناوخۆیییەکانی عێراق، سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەی نادیار و لێڵ کردووە.

--------------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە (عطا محامد تبریز) نووسیویەتی و بە ناونیشانی (جاده توسعه؛ بازگشت عراق و ترکیه به ریل‌های عثمانی؟)، 1ی سێپتەمبەری 2024، لە سایتی ڕادیۆ فەردا بڵاو کراوەتەوە.

•• عەتا محامەد تەبریز، تووێژەری سیاسی و دوکتۆرا لە زانستی سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زانکۆی ئیستەنبووڵ، تورکیا.

[1] جەنگی ڕێڕەو یان کۆریدۆرەکان (Corridor wars)، دەستەواژەیەکە بۆ ململانێی جیۆپۆلەتیکی و جیۆ-ئابووری نێوان هێزە گەورە و ناوچەیییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی بەکار دەهێنرێت. جگە لە پشتێنە و ڕێگای چین، ئێستە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرنامە بۆ سێ ڕێڕەو داڕێژراوە؛ ڕێگەی گەشە، ڕێڕەوی ئابووری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا و کۆریدۆری زەنگزوور. ئەوەی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە ڕێگەی گەشەیە، بە بەشداری عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات، بە گوتەی کامەران مەتین، مامۆستای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ساسکس، جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشە بەشێکە لە پلانی تورکیا بۆ ئەوەی هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە تەواو لاواز بکات و وابەستەیان بکات بە دەوڵەتی ناوەندەوە، هەمیش لە واقیعدا لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دیوارێکی ئەمنێتی دروست بکات و نەهێڵێت لە نێوان ئەو دوو پارچەیەی کوردستان پێوەندییەکی ئۆرگانیک دروست ببێت. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە پلانی هەر سێ وڵاتی عێراق، ئێران و تورکیا ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە لاواز بکەن. حکوومەتی عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی قانوونی لەناو بچێت، بە جۆرێک لە قازانجیانە کە بمێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵی دەوڵەتی ناوەندی عێراق و دیارە ئێران و تورکیاش ئەوەیە کە هەرچی ناوەڕۆک و هێزی سیاسی و ئابوورییە دەربکێشن لەو قەوارە سیاسییە بە جۆرێک ئەو قەوارەیە ببێتە ئەو شتەی کە لە فەلەستین لە کەناری ڕۆژئاوا هەیە، دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین (PNA)، واتا دەسەڵات و قەوارەیەک کە بتوانێت ئەو خەڵکەی ئەوێ مەهار بکات، بەڵام ئەو قەوارەیە هیچ مانایەکی نییە لە لای خەڵکی خۆیان وەکوو دیاریکردنی مافی چارەنووس. واتا ڕۆڵی پۆلیسێکی کوردی بۆ چادێریکردنی خەڵکی کوردی ئەو ناوچەیە بگێڕن، پێم وایە ئەمە ئامانجی دەوڵەتی بەغدا و دەوڵەتی ئەنقەرەیە. بەو پێوەندییە خراپەی نێوان یەکێتی و پارتی ئاسانکاریش بۆ ئەمە کراوە.

[2] دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا (Belt and Road Initiative)، داهێنانی پشتێنە و ڕێگای چین کە بە ڕێگەی ئاوریشمی نوێ ناسراوە، پڕۆژەیەکی ژێرخانی گەورەیە لە ساڵی 2013لە لایەن سەرۆک شی جینپینگەوە ڕاگەیەندرا. ئامانج لەم پڕۆژەیە بەهێزکردنی کاریگەری سیاسی و ئابووری چینە لە جیهاندا.

[3] ڕێڕەوی ئابووری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا (India-Middle East-Europe Economic Corridor) ناسراو بە (IMEC)، کۆریدۆرێکی ئابوورییە کە ئامانجی بەهێزکردنی گەشەسەندنی ئابوورییە لە ڕێگەی پتەوکردنی پێوەندی و یەکگرتنی ئابووری لە نێوان باشووری ئاسیا و کەنداو و ئەورووپادا، ڕێڕەوەکە پێشنیازکراوی هیندستانە بۆ ئەورووپا بە ئیمارات، سعوودیە، ئوردن، ئیسرائیل و یۆناندا تێدەپەڕێت.

[4] ڕێڕەوی زەنگزوور (Zangezur Corridor)، کۆریدۆرێکە لە نێوان ڕووسیا، ئازەربایجان و تورکیا، ڕێگە بە ئازەربایجان دەدات بەبێ بەربەست بگاتە کۆماری ئۆتۆنۆمی نەخجەوان، بەبێ خاڵی گومرکی ئەرمەنستان. بەمەش سنوورەکانی ئێران و ئەرمینیا دادەخرێت. بە مانایەکی تر، ڕێڕەوێکی جیۆپۆلەتیکییە کە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ئێران لە ڕێڕەوی ترانزێتی تورکیا بۆ باکۆ دوور دەخاتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین