عێراق رووبه‌ڕووى شه‌ڕێكى نوێ ده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما و قه‌یرانى كاره‌با، گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان تۆڕ و وێستگه‌كانى كاره‌با ده‌كه‌نه‌ ئامانج و حكومه‌تى عێراق رووبه‌ڕووى قه‌یرانێكى قووڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌زاره‌تى كاره‌بایش رایده‌گه‌ینێ، شه‌وى رابردوو سێ هێڵى ترى كاره‌با كراونه‌ته‌ ئامانج.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سێى ته‌مووز، وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئاشكراى كردووه‌، گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان چه‌ند هێڵێكى گواستنه‌وه‌ى كاره‌بایان له‌ باكوورى عێراق كردووه‌ته‌ ئامانج.

وه‌زاره‌تى كاره‌با ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هێڵى گواستنه‌وه‌ى گه‌یاره‌- به‌نداوى مووسڵ، هێڵى گواستنه‌وه‌ى رۆژهه‌ڵاتى مووسڵ- به‌نداوى مووسڵ، هێڵى گواستنه‌وه‌ى گه‌یاره‌- كه‌ركووك له‌لایه‌ن گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان كراونه‌ته‌ ئامانج، به‌مه‌ش كاره‌باى ناوچه‌یه‌كى زۆر له‌ پارێزگاكانى مووسڵ و كه‌ركووك پچڕاون.

وه‌زاره‌تى كاره‌با رایده‌گه‌ینێ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ شانه‌یه‌كى قه‌یران پێكده‌هێنن، بۆئه‌وه‌ى به‌زووترین كات ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

ماوه‌ى مانگێگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى چڕ ژێرخانى كاره‌با له‌ ناوچه‌كانى سه‌لاحه‌دین و كه‌ركووك و مووسڵ و دیاله‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج، ئه‌مه‌یش قه‌یرانى كاره‌با له‌به‌رده‌م حكومه‌تى عێراق ئاڵۆزتر ده‌كات، چونكه‌ له‌ كاتێكدا پله‌ى گه‌رمى له‌سه‌رووى 50 یه‌ و به‌هۆى كه‌مى كاره‌با ناڕه‌زاییه‌كى زۆر شاره‌كانى عێراقى گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستیانه‌ ده‌یانه‌وێ حكومه‌تى عێراق بخه‌نه‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌خته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین