لە سووریا هێرش دەکرێتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند "میلیشیاکانی سەربە ئێران" ئێوارەی دووشەممە بنکەیەکی ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج. ئەو هێرشە یەک رۆژ دوای هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئەمریکا بۆسەر بارەگای میلیشیا شیعەکان لە سنووری عێراق و سووریا رووی دا. واشنتن رایگەیاندبوو ئەو هێرشەی لە تۆڵەی ئەو هێرشانە ئەنجام داوە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون.

ئێوارەی دووشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردەوە، گرژییەکان لە کاتێکدا پەرە دەستنێنن کە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئارادان.

سەرەڕای ئەوە، ئێوارە دووشەممە "میلیشیاکانی سەر بە ئێران" بە چەند رۆکێت تەقەیان لە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومه‌ر لە نزیک شاری دێرزور کرد کە نزیک لە سنوورەکانی عێراقە. بەگوێرەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئەو هێرشە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.  

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئاشکرای کرد، لە کاتی هێرشەکەدا، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەفڕین. رامی عەبدوڕەحمان، بەرپرسی ئەو رێکخراوە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای گوت، "هێزەکانی هاوپەیمانان لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، بە تۆپخانە شاری مه‌یادین بە چڕی کردە ئامانج کە لە نزیک دیرزور و لەژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی لایەنگری تارانە ".

هەروەها هەواڵنێری حکومی سووریا (سانا)، پشتڕاستی کردەوە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا کراوەتە ئامانج. ئەو هەواڵنێرییە هیچ ئاماژەیەکی بە سەرچاوەی هێرشەکە نەکرد.

لە لایەکی تریشەوە، وین ماروتۆ، گوتەبێژی سوپای ئەمریکا لە سووریا ئەو هێرشەی پشڕاست کردەوە و گوتی: "سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن. دوای کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر، زیانەکان رادەگەیێنین".

ئەنتونی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ دووشەممە لە رۆما گوتی، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا، پەیامێکی "تووند"ە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

سەرەڕای ئەوە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو هێرشەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکردنی ئاشکرای" سەروەری عێراق وەسفی کرد. کازمی جارێکی تر جەختی کردەوە کە نایەوێت عێراق ببێتە شوێنی " تۆڵەئەستاندنەوە"ی دوو هاوپەیمانی گەورەی بەغدا، واتە ئەمریکا و ئێران. دیمەشقیش سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکای کردووە و جەختی کردووەتەوە ئەو هێرشە "پێشێلکردنی ئاشکرای" سەرورەی سووریا و عێراقە.

ئەوە دووەمین ئۆپەراسیونی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سەردەمی جۆ بایدن بە هەژمار دێت. لە هێرشی یەکەمدا کە لە کانوونی دووەم رووی دا لانیکەم ٢٠ کەس کوژران.

بنکەی ئاسمانی ئەمریکا ئەمجارە شوێنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیونەکان و جبەخانەکانی چەک و تەقەمەنی لە دوو خاڵ لە سەر سنوورەکانی عێراق و سوریا کردە ئامانج. بە گوتەی گوتەبێژی پنتاگۆن، ئەو شوێنانەی کرانە ئامانج کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەوێوە ئۆپەراسیونەکانیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەڕشت و جێبەجێیان دەکردن. رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند بە هۆی هێرشەکەی ئەمریکا، حەفت عێراقی کوژران.

حەشدی شەعبی دوای ئەو هێرشە رایگەیاند چوار ئەندامی ئەو رێکخراوە، لە رۆژئاوای عێراق و لە نزیک سنووری سووریا کوژراون. ئەو گرووپە جەختی کردەوە تۆڵە دەکاتەوە.

دوای ئەو هێرشانە، ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دەدات.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین