ماریا زاخارۆڤا: ئەمریکا ئێمەی بە سیخوڕی تۆمەتبار دەکرد کەچی دەرکەوت خۆیان خەریکی ئەو کارەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ماریا زاخارۆڤا دەڵێت ئەمریکا بەو کارە هەستاوە کە رووسیای پێ تۆمەتبار دەکرد، کە مەبەستی لە ئاشکرابوونی دۆسیەی سیخوڕیکردنی ئەمریکایە بەسەر دیپلۆماتکارانی ئەوروپاوە لە ڕێگەی دانیمارکەوە.

زاخارۆڤا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کردەیی ئەو کارەی ئەنجام داوە، کە بەردەوام رووسیای پێ تۆمەتبار دەکرد بە ئەنجامدانی، سەیر لەوەدایە ئەم کار بە ڕێکارێکی یاسایی ئەنجامدراوە، هاوڕێک بەو چەمکەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەبارەی یاساوە هەیانە، ئەمەش لەو زانیارە دزەپێکراوانەدا ئاماژەی پێكراوە کە لە راپۆرتی نهێنیی دەستەی هەواڵگریی دەرەکیی دانمارکدا هاتووە".

زاخارۆڤا دەڵێت هیچ کام لە سوید، نەرویج، فەرەنسا و تەنانەت ئەڵمانیاش لە کاردانەوەدا هەڵنەستان بە ڕاوەدوونانی دیپلۆماتکارانی دانیمارکی، سزاشیان بەسەر ئەمریکادا نەسەپاند، هەروەک نەیانتوانی بە شێوەیەکی ڕوونیش سکاڵای خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕن.

زاخارۆڤا داخی دەربڕیوە کە دەستی دانیمارک و ئەمریکا گەیشتوەتە ناو کاروباری ناوخۆیی ڕووسیاش.

قسەکانی زاخارۆڤا دوای ئەوە هاتن تەلەڤزیۆنی دانیمارک لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کرد ئاژانسی ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا سوودی لە سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنیی دانیمارک وەرگرتووە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر چەند سەرکردەیەکی ئەوروپا، لەوانە: ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، فرانک ڤۆڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا، هەروەها بەرپرسانی فەرەنسا و هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین