سوودانی داوای پشتیوانی نیودەوڵەتی بۆ فەلەستین و لوبنان دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پاڵپشتی وڵاتانی جیهان دەکات سەبارەت بە مافەکانی هاووڵاتیانی فەڵەستین و لوبنان و دەشڵێت، دەبێ هاوكاریی مرۆیی بەپەلە بگەیێندرێتە ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ سێشەممە (12/تشرینی دووەم/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، لە لووتکەی ڕیاز، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وڵاتانی جیهان کرد، "پشتیوانی مافەکانی هاووڵاتیانی فەڵەستین و لوبنان بکەن، هاوکاری مرۆیی بەپەلە بگەیێندرێتە هاووڵاتیان".

فادی شەمەڕی، ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "عێراق دەیەوێت پشتیوانی نێودەوڵەتی کۆبکاتەوە بۆ بەهێزکردنی توانای خۆڕاگری فەلەستینییەکان و لوبنانییەکان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیان".

ڕاوێژکارەکەی سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە لووتکەی بەپەلەی عەرەبی ئیسلامی لە ریاز، "عێراق هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی دووپات کردووەتەوە لە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی سەریان".

شەمەڕی دەشڵێت، "عێراق داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دروستی دەکات و بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاڕاستەی گەشەسەندن، پێشکەوتنی ئابووری، سەرچاوەکانی وزە و فراوانکردنیان هەیە لە هەموو وڵاتانی جیهان دا".

بە گووتەی ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئامانج لە ئامادەبوونی عێراق لە لووتکەی ڕیاز، "بەهێزکردنی هاوپەیمانی عەرەبی، ئیسلامییە و کارکردنە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، چونکە لەم ڕێگەیەوە عێراق دەیەوێت بەشداری بکات لە بنیادنانی شێوازێکی نوێی عەرەبی لەسەر بنەمای ئاسایش، هاوکاری و کراوەیی. لەم ڕێگەیەشەوە ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە ناوچەکە بەهێز دەکات و توانای خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ سەرکردایەتی کردنی هەوڵە هاوبەشەکانی عەرەب بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین