سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى عێراق : ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى تێدا نییه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق "كۆمار،وه‌زیران، په‌رله‌مان، دادوه‌ریى" كۆبوونه‌وه‌ و له‌ راگه‌یێندراوێكدا باس له‌ ده‌ستدرێژكردنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن و داوا له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن رێگرى له‌و كاره‌ بكه‌ن، دووپاتیشى ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنى له‌ كاتى خۆیدا بكرێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى ئایار له‌ به‌غدا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق و مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و فایق زێدان سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى كۆبوونه‌وه‌ و له‌كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یێندراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌و راگه‌یێندراوه‌ى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى ناوى هیچ لایه‌نێك بهێنن باسیان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكان كردووه‌ و له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ هاتووه‌، "ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیشانکردەوە بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان ودەستدرێژیکردنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی مافەکانی بۆ دەستگرتن بەسەر بڕیاری ئەمنی و سەربازی پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەر دەسەڵات و شکۆی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی هاووڵاتیان، ھەروەک سەقامگیری وڵات دەخاتە ژێر مەترسی راستەقینەوە".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنیش له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ میدیاكانى عێراق سه‌باره‌ت به‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى عێراق دووپات له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ واده‌ى خۆى ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ هاتووه‌، "ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو ئەرکێکی دەستووری و نیشتمانییە، بۆیە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و پێویستە ببێتە دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە کێشە و ئاستەنگەکان کە وڵات پێیەوە دەناڵێنێ، تاوەکو گۆڕانکاری بنەڕەتی بێتەکایەوە بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی ھەڵەکان بە رێگەی ئاشتی،لەو چوارچێوەیەشدا و بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە پێویستە مەرجی پێویست بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دابنرێت و هیچ پاشەکشەیەک نەکرێ ".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین