ئایندەی سووریا لەبەردەم سێ سیناریۆدا بیروڕا

نوچە نێت

لویس باروچۆ

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

کۆتاییهاتنی دەیان ساڵ حوکمڕانی دڵڕەقانەی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا، دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە سەرۆکایەتی گرووپی دەستەی تەحریری شام، پرسیارگەلێکی گرینگی لەبارەی ئایندەی ئەم وڵاتە خستووەتە ڕوو.
ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی گرووپی دەستەی تەحریری شام، بەڵێنی یەکخستنی سووریای داوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا دەتوانێت بەم ئامانجە بگات یان نا.
گەیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، جەختی لەسەر پێویستی هاوکاری نێوان هەموو گرووپەکانی سووریا کردەوە. پێدەرسن گوتی: "بەگشتی، ئێمە شایەدی هەندێک لێدوانی ئومێدبەخشانە لە لایەن دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەوە بووین"، بەڵام ئاماژەشی بە کێشە بەردەوامەکانیش "لە بواری قانوون و سیستەم" کرد.
بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی خێرای دۆخەکە، پێشبینی داهاتووی سووریا کارێکی سەختە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەو پسپۆڕانەی کە بی‌بی‌سی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوون، سێ سیناریۆی ڕێتێچوویان بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە خستووەتە ڕوو.
سیناریۆی یەکەم: سووریای یەکگرتوو
لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، دەستەی تەحریری شام ڕێگە بە دامەزراوە سیاسییە مەدەنییەکانی دیکە دەدات تاکوو شانبەشانی ئەم گرووپە بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانەی وڵات هاوکاری بکەن.
ئەم وڵات دەتوانێت کەشی دوای جەنگ بۆ ئاشتەواییی نەتەوەیی دابین بکات و خۆی لە سووڕی تۆڵەسەندنەوە و تاڵانکردن، وەک ئەوەی لە وڵاتانی دراوسێدا ڕووی داوە و دەتوانێت ببێتە هۆی ململانێی نوێ، بەدوور بگرێت.
تا ئێستە، جۆلانی داوای یەکڕیزی و ڕێزگرتنی یەکتری لە نێوان تاقمە جۆراوجۆرەکانی سووریای کردووە، بەڵام لە سووریا کۆمەڵێک گرووپی جۆراوجۆر هەن کە ئامانج و پلانی جیاوازیان هەیە.
کریستۆفەر فیلیپس، مامۆستای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کوین مەری لە بەریتانیا و شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "واقیعەکە ئەوەیە کە ئێمە لە ئێستەدا لە دۆخێکی نادیارداین. دەستەی تەحریری شام هەوڵی داوە هەلومەرجێک بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لە سووریا دروست بکات، بەڵام دۆخەکە لە ڕادەبەدەر ناجێگیر و پێشبینی نەکراوە."
لە باشوور، میلیشیا خێڵەکییەکان - کە هەرگیز بەفەرمی ددانیان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەددا نەنا - پێناچێت پەیڕەوی حکوومەتی نوێ لە دیمەشق بکەن.
لە ڕۆژهەڵات، پاشماوەی گرووپی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا وەک هەڕەشەیەکی جددی دادەنرێن، ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.
گرووپەکانی ژێر سەرکردایەتی کوردەکان، کە لە پشتیوانی ئەمریکا بەهرەمەندن، بەشێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
ئەم گرووپانە ساڵانێکە لەگەڵ یاخیبووانی سەر بە تورکیا لە باکووری سووریا خەریکی شەڕن و لەم دواییانەشدا پێکدادانی نوێ لەم ناوچانەدا ڕووی داوە.
جگە لەمەش، لە ساڵی (2011)ەوە ژمارەیەکی زۆر گرووپی ئۆپۆزسیۆن و بزووتنەوەی سیاسی جۆراوجۆر لە دەرەوەی سووریا پێک هاتوون. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەم کەس و گرووپانە دەگەڕێنەوە وڵات و بەشداری لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیدا دەکەن یان نا.
جۆزێف زاهر، مامۆستای زانکۆی لۆزان لە سویسرا و نووسەری کتێبی "سووریا دوای ڕاپەڕینەکان" پێی وایە ئاسۆی پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتوو نادیارە.
"لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، شایەدی هەڵبژاردنی ئازاد، دابەشکردنی دەسەڵات و لامەرکەزی دەبینین، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتووتر، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بین و بزانین ئایا ئەمە دێتە دی یان نا."
زاهر، وەک شارەزایانی دیکە، ئەم سیناریۆیە بەدوور دەزانێت و ئاماژە بە دژایەتییەک لە یەکەمین لێدوانی گشتی جۆلانیدا دەکات.
دەڵێت: "جۆلانی سەرەتا ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی پێشوو سەرپەرشتی قۆناغی گواستنەوە دەکات، بەڵام دواتر، محەممەد بەشیر، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی - حکومەتێک لەژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام لە ئیدلب - وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد."
بەڵام زاهر پێی وایە دەستەی تەحریری شام سەرەڕای "ئیرادەی تەواوی بۆ چەسپاندنی دەسەڵات"، لە بەڕێوەبردنی تەواوی وڵاتدا بەتەنیایی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری جددی دەبێتەوە.
ئەو گوتی: "پێم وا نییە ئەمە ڕوو بدات، چونکە ئێستەش دەسەڵات و هێزی دەستەی تەحریری شام بەزەحمەت بەش دەکات. بەڕێوەبردنی ئەم دۆخە زۆر دژوارە."
"لە سەرەتادا ئەم گرووپە تەنیا حوکمڕانی ئیدلبیان دەکرد، بەڵام ئێستە حەلەب، حەما، حمس و دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتەشی لە ئەستۆدایە. بۆیە لەم ناوچانەدا پێویستی بە دابەشکردنی دەسەڵات دەبێت."
سیناریۆی دووەم: کۆنتڕۆڵی خۆسەپێنانە و تاکلایەنە لە لایەن دەستەی تەحریری شام
ترسی ئەوە هەیە دەستەی تەحریری شام دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەکی ستەمکارانە، هاوشێوەی ڕژێمی ئەسەد، بچەسپێنێت.
جۆلانی پێشتر بنکەی دەسەڵاتی خۆی لە ئیدلب دامەزراندبوو، کە سەردەمانێک گەورەترین بنکەی یاخیبووان بوو لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا و نزیکەی ٤ ملیۆن کەسی تێدا بوو، زۆربەیان لە پارێزگاکانی دیکەی سووریاوە ئاوارەی ئەوێ بووبوون. لەم ناوچەیەدا، حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی کاروباری مەدەنی بەڕێوە دەبرد، لەکاتێکدا ئەنجومەنێکی ئایینیش بەپێی یاساکانی شەریعەت کاری دەکرد.
جۆلانی بە ئەولەوییەتدانانی سەقامگیری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەوڵی دابوو نیشانی بدات کە دەستەی تەحریری شام دەتوانێت حکوومەتێکی کارامە بەڕێوە ببات، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن، کاتێک ئیدلب لەژێر دەسەڵاتی ئەم گرووپەدا بوو، جۆلانی میلیشیا ڕکابەرەکانی پەراوێز خست و نەیارانی سەرکوت کرد. پێش هێرشی ٢٧ی نۆڤەمبەر بە سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام، ناڕەزایەتییەک لە ئیدلب سەری هەڵدا و تێیدا ئیسلامگەرا توندڕۆکان و چالاکوانانی سووری، دەستەی تەحریری شامیان بە کردەوەی ستەمکارانە تۆمەتبار کرد.
زاهر دەڵێت: "دەستەی تەحریری شام دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە چەسپاندبوو، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە دەنگی هەموو گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن [لە ئیدلب] و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیشی لەخۆ گرتبوو، بەڵام حوکمڕانییەکەی لەگەڵ سەرکوتی توند و زیندانیکردنی نەیارانی سیاسی لەگەڵ بووە."
لە کاردانەوە بە بەرانبەر ئەم ڕەخنەیە، دەستەی تەحریری شام کۆمەڵێ چاکسازی جێبەجێ کردووە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی هێزێکی ئەمنی ئاژاوەگێڕ کە تۆمەتبار بوو بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و دامەزراندنی بەشێک بۆ بەدواداچوونی سکاڵاکانی هاووڵاتییان، بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم چاکسازییانە تەنیا نمایشێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی نەیاران.
دەستەی تەحریری شام پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە چەسپاندنی دەسەڵات لە ئیدلب بۆ پێشکەوتنی سووریا و ژێرەوژووربوونی کۆتایی ڕژێمی ئەسەد زۆر گرینگ بووە. لەگەڵ ئەمەشدا، زاهر پێی وایە دەستەی تەحریری شام ئێستە ڕووبەڕووی دۆخێکی بێ پێشینە بووەتەوە. دەڵێت: "ئەم ئومێدەوارییە هەیە کە بە فرەوانکردنی دەسەڵاتی خۆی بۆ دیمەشق، دەستەی تەحریری شام توانای سەربازی و مرۆیی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی هەموو ئەم ناوچانە نەبێت."
سیناریۆی سێیەم: شەڕی ناخۆ بە تەواو مانا
خراپترین سیناریۆ بریتییە لەوەی سووریا بکەوێتە ناو پشێوییەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە دوای بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی دیکە ڕووی دا.
موعەمەر قەزافی لە لیبیا و سەددام حوسێن لە عێراق بەبێ جێگرەوەیەکی پێشوەختەدیاریکراو لە دەسەڵات دوور خرانەوە و دەستتێوەردانی دەرەکیش بووە هۆی دروستکردنی بارودۆخێکی کارەساتبار لە هەردوو وڵاتدا. ڕەخنەگران دەڵێن ئەو بۆشایییەی لە دەسەڵات بە هۆی ڕووخانی فەرمانڕەوا ستەمکارەکانەوە دروست بوو، بە شەپۆلێک لە تاڵانی، تۆڵەسەندنەوە، ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و شەڕی ناوخۆ پڕ کرایەوە.
لەم سیناریۆیەدا، ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە نێوان گرووپە چەکدارە جیاوازەکانی سووریادا دەتوانێت ببێتە هۆی توندوتیژییەکی بەرفرەوان کە نەک تەنیا سووریا، بەڵکوو هەموو ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.
فیراس کیلانی، پەیامنێری تایبەتی بی‌بی‌سی عەرەبی لە سووریاوە ڕاپۆرت دەنێرێت کە یەکەم وتاری بەشیر وەک سەرۆک وەزیران، نیگەرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و نیشانەگەلێک لە ئاراستەی ئەگەری حکوومەتی نوێی ئاشکرا کردووە.
ئەو دەڵێت: "وتاری سەرۆک وەزیرانی نوێ، بە دوو ئاڵا لە پشت سەرییەوە - 'ئاڵای شۆڕش' و ئاڵایەک هاوشێوەی ئاڵای تاڵیبان - زۆر کەسی تووشی سەرسووڕمان کردووە. ئەمە ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە حکوومەتی نوێ پەیڕەوی لە مۆدێلی تاڵیبان بکات و حکوومەتێکی ئیسلامی لەسەر بنەمای قانوونەکانی شەریعەت دابمەزرێنێت."
ئەوەشی گوت: "ئەم بابەتە ئاڵنگاری و پرسگەلی نوێ سەبارەت بە داهاتووی کەمینەکان و هەروەها گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە وڵاتدا دەورووژێنێت."
هاوسەنگی هێزە دەرەکییەکان
بە گوتەی شارەزایان، ڕوودانی هەریەکێک لەم سیناریۆیانە پێوەستیشە بە هەنگاوی دەسەڵاتە دەرەکییەکانەوە.
بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، ئەسەد پشتی بە پشتیوانی ئێران و ڕووسیا بەستبوو. لە بەرانبەردا تورکیا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی کەنداو پشتیوانییان لە گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکرد.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیسرائیل ژێرخانی سەربازیی سووریای کردووەتە ئامانج و ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی لەناو خاکی سووریا، سەرووتر لە ناوچەی لە چەکداماڵراوی نێوان سووریا و بەرزایییەکانی جۆلانی داگیرکراو، خەریکی ئۆپراسیۆنن.
ئیسرائیل دەڵێت لە دوای هەڵاتنی ئەسەد لە وڵات، سەدان هێرشی ئاسمانییان لە سووریا کردووە و "بەشێکی زۆر لە کۆگاکانی چەکە ستراتیجییەکانی سووریا"یان لەناو بردووە. هەروەها بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری داوەتە هێزە یاخیبووەکانی سووریا کە ڕێگە نەدەن ئێران خۆی لەم وڵاتە "جێگیر" بکاتەوە.
ئەم کردەوانە وایکردووە تورکیا و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل بە قۆستنەوە لە کەوتنی ئەسەد تۆمەتبار بکەن. فیلیپس هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەم کارەی ئیسرائیل دەتوانێت "بە لاوازکردنی حکوومەت یان بەهێزکردنی لایەنە توندڕۆکان، ببێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی سووریا."
فیلیپس و زاهر هەردووکیان پێیان وایە پێویستە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر سووریا بۆ یارمەتیدانی بوژانەوەی ئابووری هەڵبگیرێن و پێویستە هێزە دەرەکییەکان ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیییەکان بکەن.
زاهر دەڵێت: ئێستە کە ڕژێمی ئەسەد کەوتووە، دەبێت سزاکان هەڵبگیرێن. بە بڕوای من زۆر گرینگە یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا ئاستی هاوکارییە ئابووری و مرۆیییەکانیان بپارێزن و تەنانەت زیادشی بکەن."
فیلیپس ئەوەشی گوت، لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکان، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن داوای "ئیمتیازەکانی وەک داڕشتنی دەستوورێکی نوێ یان چاکسازیی دیموکراسی" بکەن.
---------------------------------------------------------
• ئەم بابەتە (لوئیس باروچو) ئامادەی کردووە و بە ناونیشانی (آینده سوریه چگونه رقم خواهد خورد؟ سه سناریوی محتمل)، 14ی دیسەمبەری 2024، لە سایتی بی‌بی‌سی فارسی بڵاو کراوەتەوە.
ئاڵای نیشتمانیی سووریا، لە ساڵانی 1930-1958، 1961-1963 و جارێکی دی لە 8ی دیسەمبەری 2024 هەڵکرایەوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین