چوار جوو  له‌ عێراق ماون كه‌س نایناسێ

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى به‌دواداچوونێكى بۆ جووه‌كانى عێراق كردووه‌ و له‌ راپۆرته‌كه‌ توێژه‌رێكى عێراقى شاره‌زا له‌ ئاینه‌كانى عێراق ده‌ڵێ، چوار كه‌سیان له‌ عێراق ماون، به‌ڵام خه‌ڵك نایانناسێ و ته‌نیا چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كى ده‌وڵه‌ت نه‌بێت.

ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى شه‌وى رابردوو 29ى ئادار راپۆرتێكى له‌سه‌ر جووه‌كانى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌ هه‌ست و سۆزى ئه‌وان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كات. له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ له‌ په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردوو كاتێك له‌ عێراق دوورخرانه‌وه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵیان گیرا، ئه‌وان به‌سه‌ر ئه‌مریكا و ئیسرائیل و وڵاتانى ئه‌وروپا دابه‌ش بوون، ئێستا هه‌ندێكیان خه‌ونى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتى دوو رووباره‌كه‌ "عێراق" هه‌یه‌.

ئارتى قسه‌ى له‌گه‌ڵ گه‌نجێكى دانیشتووى به‌ریتانیا كردووه‌ كه‌ به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك جووى عێراقه‌ و ئاماده‌ نه‌بووه‌ ناوى خۆى ئاشكرا بكات، به‌ڵام ده‌ڵێ، "ده‌مه‌وێ خه‌ونى باوكم به‌دیبهێنم و بگه‌ڕێمه‌وه‌ عێراق، من زۆرم له‌باره‌ى عێراق خوێندووه‌ته‌وه‌ و بیستووه‌، به‌ڵام سه‌ردانم نه‌كردووه‌، عێراق بۆ من زۆر ده‌گه‌ینێ".

تا ساڵى 2012 
شه‌ش جوو له‌ عێراق مابوون 
یه‌كێكیان پزیشك و ئه‌ویتریان ژنێكى پیر بوو
 

 

سه‌عد سه‌لوم كه‌ توێژه‌رێكى عێراقییه‌ و دامه‌زرێنه‌رى په‌یمانگاى توێژینه‌وه‌ى فره‌ئایینیه‌ له‌ به‌غدا، بۆ ئارتى به‌ كورتى باسى له‌ پاشماوه‌ى جووه‌كان كردووه‌.

ئه‌و توێژه‌ره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ساڵانى رابردوو به‌ره‌ به‌ره‌ جووه‌كانى عێراق ژماره‌یان كه‌مبووه‌ته‌وه‌ تا به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ چه‌ند كه‌سێك ماون.

سه‌عد سه‌لوم ده‌ڵێ، "جووه‌كانى عێراق كه‌ دوو هه‌زار و 500 ساڵ له‌ عێراق ژیاون، ته‌نیا چوار كه‌سیان ماوه‌ و  ته‌مه‌نى ئه‌وانه‌ له‌ په‌نجاكان و شه‌سته‌كان دایه‌".

هه‌ندێك كه‌س جیاوازى له‌نێوان ئیسرائیل و جووى عێراق ناكه‌ن



سه‌عد كه‌ كتێبى له‌سه‌ر جووه‌كان نووسیوه‌، به‌ وردى ژماره‌ى جووه‌كانى عێراقى لایه‌ و ده‌ڵێ، "تا ساڵى 2012 له‌ كتێبه‌كه‌شم له‌باره‌ى كه‌مینه‌كانى عێراقه‌ ،تۆمارم كردووه‌ ته‌نیا شه‌ش جوو له‌ عێراق مابوون، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ژنێكى به‌ساڵاچووى جوو كۆچى دوایى كرد و دنیاى ئێمه‌ى جێهێشت. به‌مه‌یش پێنج كه‌س مایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ مردنى پزیشكێك كه‌ وه‌ك نوێنه‌رى جووه‌كانى عێراق بوو، گه‌یشتووینه‌ته‌ كۆتایى جووى بابل كه‌ مێژوویان بۆ دوو هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

سه‌عد سه‌لوم باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و چوار كه‌سه‌ ناسنامه‌یان له‌لایه‌ن خه‌ڵك شاره‌وایه‌. سه‌عد ده‌ڵێ، "چوار جووه‌كه‌ له‌ به‌غدا ماون، ناسنامه‌یان شاره‌وایه‌، ته‌نیا ده‌سه‌ڵات و چه‌ند كه‌سێكى نزیكیان ده‌یانناسن، ناچنه‌ په‌رستگه‌ و ئاینى خۆیان ئاشكرا ناكه‌ن".

له‌ كۆتایى قسه‌كانیشى ده‌ڵێ، "ئه‌وان له‌ كوشتن ده‌ترسن، چونكه‌ كه‌سانێك هه‌ن جیاوازى له‌نێوان ئیسرائیلى و جوو ناكات، له‌ ساڵانى داهاتوو له‌گه‌ڵ پیربوونى ئه‌و چوار كه‌سه‌، ئه‌وا عێراق خاڵى ده‌بێت له‌ بوونى جووه‌كان".

له‌ سه‌ره‌تاى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردوو چه‌ند یاسایه‌ك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ره‌گه‌زنامه‌ له‌ جووه‌كان له‌ عێراق ده‌رچوو، ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵیان گیرا و ناچاركران به‌ره‌و ئیسرائیل بڕون، ئه‌مه‌یش له‌نێوان ساڵانى 1950 تا 1951 بوو، هه‌ر ئه‌و كات 80% جووه‌كانى عێراق به‌ره‌و ئیسرائیل و وڵاتانى تر كۆچییان كرد.

ئێستایش له‌ ئیسرائیل جووه‌كانى عێراق ماڵپه‌ڕ و په‌یجى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌ و هاوسۆزى خۆیان بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌رده‌بڕن و دووپات له‌سه‌ر غه‌ریبى خۆیان زێدى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌ توندڕه‌وه‌كانى عێراق به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌م هه‌ست و سۆزه‌ ده‌كه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین