بەربەستەكانى بەردەم ئۆپۆزيسيۆنى توركيا لە هەڵبژاردنى داهاتوو
نوچەنێت
وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها
لە هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو ئۆپۆزيسيۆنى توركيا رووبەڕوو چەند بەربەستێك دەبێتەوە، ئاكپارتيش هەوڵدەدات ئەو دەنگانە قەرەبوو بكاتەوە بەهۆى گرانى و هەڵاوسان لەدەستى داوە.
نەگەيشتن بە رێككەوتنى كانديدى هاوبەش تاكە بەربەستى بەردەم لايەنەكانى مێزە شەش كەسيەكەى ئۆپۆزيسيۆن نييە، هەڵاوسان و گرانى بژێوى ژيانيش كێشەى گەورەيە كاريگەرى لەسەر رێژەى دەنگدانى ئاكپارتى هەيە كە ماوەى (20) ساڵە فەرمانڕەوايى توركيا دەكات.
شەش پارتەكە چەندين كۆبوونەوەيان بۆ داڕاشتنى پلانى ستراتيژى بۆ داهاتوو ئەنجام داوە، پێشبينى ئەوە دەكەن ساڵى داهاتوو دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام بەگوێرەى چاودێرانى سياسى هيچ پێشنيارێكيان بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشانەى رووبەڕوويان دەبێتەوە نييە، ياخود هەڵوێستيان بەرانبەر سياسەتى دەرەوە و بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر روون نييە.
سەرۆكی رووسیا پشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرنادات
شەش پارتەكە بۆچوون و ئايدۆلۆژيايان جياوازە، هەريەكەيان رووانيان بۆ ديارترين كێشەكان بەتايبەت دەرەوە جياوازە، بەڵام لەسەر گۆڕينى گێڕانەوەى سيسەتەمێكى بەهێزى پەرلەمانى و دوورخستنەوەى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى ئەو وڵاتە كۆكن.
حەوت بەربەستى سەرەكى رووبەڕووى ئۆپۆزيسيۆن دەبێتەوە:
كێشەى گۆڕينى سيستەم
ئۆپۆزيسيۆن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەگەر كانديدەكەيان سەركەوتوو بوو، زۆرينەى پەرلەمانيان بەدەستهێنا ئەوە سيستەمى پەرلەمانى بەهێز دەكەنەوە لە برى سيستەمى سەرۆكايەتى، ئەوەش تەنيا خاڵێكە ئەو شەش پارتە لەسەر رێككەوتوون.
حاميد ئميرەبرش، نووسەرى تورك دەڵێت، "ئەو بەڵێنەى ئۆپۆزيسيۆن لە سايەى ئەو دۆخە سياسەى ئێستا رووبەڕووى كێشەى هەمواركردنەوەى دەستوور دەبێتەوە، ئەوەش ئەستەمە يەكێك لە هاوپەيمانييەكان بتوانێت بەبێ راپرسى جەماوەرى دەستوور هەموار بكاتەوە."
شەش پارتەكە بۆ گێڕانەوەی سیستەمی پەرلەمانی و لادانی ئەردۆغان رێككەوتوون
هاوپەيمانى شەش پارتەكە بۆ ئەوەى راپرسى بكات پێويستى بە (360) پەرلەمانتارە، ياخود نابێت لە (400) پەرلەمانتار كەمتر بەبێ راپرسى ئەو گۆڕانكارييە بكەن، تەنانەت ئەگەر بيخەنە راپرسيشەوە ئەوا پێويستە دەنگى (بەڵێ) زۆرتر بێت لە دەنگى (نەخێر)
كانديدى هاوبەشى سەرۆكايەتى
ئۆپۆزيسيۆن تا ئێستا شكستى هێناوە لەوەى بگاتە رێككەوتن لەسەر كانديدێكى هاوبەش بۆ ئەوەى ببێتە ركابەرى ئەردۆغان، ئەو نووسەرە دەڵێت، "سەركردەكانى ئەو شەش پارتە پێيانوايە شايستەى كانديدن بۆ ئەو پۆستە، ئەوە جگە لە سەرۆكى شارەوانى ئيستەنبۆڵ و ئەنقەرەش خۆيان بۆ كانديد بوون بۆ ئەو پۆستە بە شايستە دەزانن."
ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەش دەكات لەگەڵ نزيكبوونەوەى هەڵبژاردنەكان كێشەى كانديدى هاوبەش سەر هەڵدەداتەوە دەرى دەخات ئەو سەركردانە ديدێكيان بۆ داهاتوو نييە.
سەرۆك لە سيستەمى ئێستا رۆڵى يەكلاكەرەوەى هەيە و كەسى هەڵبژێردراو بۆ چەندين ساڵ دياريكردنى ئاڕاستەى وڵاتى دەكەوێتە ئەستۆ، چەقبەستوويى دياريكردنى كانديدى هاوبەش چەندين پرسيارى لەسەر داهاتووى لايەنەكانى سەر مێزە شەش كەسيەكە دروستكردووە.
هەڵوێست بەرانبەر هاوبەشى حەوتەم لەو مێزە
ئەو نووسەرە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پارتى ديموكراتى گەلان (هەدەپە) هەر لەسەرەتاوە شەريكى حەوتەمى ئەو مێزە بووە، هۆكارى دەرنەكەوتنى لەسەر مێزەكە بە فەرمى بۆ ترسى كاردانەوەى دەنگدەرە نەتەوەييەكانى پارتى چاكە دەگەڕێتەوە.
پارتەكانى سەر ئەو مێزە دركيان بەوە كردووە بەبێ پاڵپشتى هەدەپە ناتوانن لە هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى سەركەوتوو بێت، كە هەدەپەش ئەو پرسە بە كارتێكى بەهێز دەزانێت بۆ بەدەستهێنانى دەستكەوتى زياتر لەو هاوپەيمانە، كە ئەوەش هەڵوێستێكى لاوازە بۆ هاوپەيمانى شەش پارتەكە.
پێكهێنانى ئەنجوومەنى وەزيران
باس لەوە دەكرێت سەرجەم وەزيرەكانى حكومەتى ئەردۆغان ئەندامى ئاكپارتين، دەوڵەت باخچەلى، سەرۆكى پارتى نەتەوە پەرست كە هاوپەيمانى ئاكپارتييە هيچ پۆستێكى وەزارى لە حوكمەت داوا نەكردووە.
سەردانی سەرۆكی جەهەپە بۆ ئەمەریكا كاریگەری خراپی هەبوو
ئەو كێشەى رووبەڕووى ئۆپۆزيسيۆن دەبێتەوە ئەگەر كانديدى بۆ سەرۆكايەتى سەركەوتنى بەدەستهێنا ئەو حكومەتەى پێكى دەهێنێت ئيتلافى دەبێت، پارتەكانى مێزە شەش كەسييەكە بەشدارى لە حكومەت دەكەن، پرسيارى گرنگ ئەوەيە وەزارەتەكان لەنێوان ئەو شەش پارتە چۆن دابەش دەكرێت؟
بەڵام كێشەى ئاڵۆز بە بۆچوونى ئەو نووسەرە توركە ئەوەيە سيستەمى سەرۆكايەتى پێچەوانەى سيستەمى پەرلەمانى پشت بە پرەنسيپى بەرپرسيارێتى هاوبەش لە ئەنجوومەنى وەزيران نابەستێت، بۆيە ئەگەر هەيە لە حكومەتى هاوپەيمانى ئۆپۆزيسيۆن هەموو وەزيرێك بەگوێرەى ئەو رووبەرە تايبەتەى خۆى كاربكات و پشكى شێر لە بەرژەوەندى پارتەكە بەكار بهێنێت، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى كاريگەرى سەرۆك سنووردار بێت، چونكە وەزيرەكان تەنيا دەبنە نوێنەرى پارتەكان، هەروەك نيشانەيەكى پرسياريش لەسەر پێدانى وەزارەت لە حكومەتى هاوپەيمانى بە پارتى ديموكراتى گەلان هەيە، كە ئەو پارتانە لەنێوان خۆيان لەسەرى ناكۆكن.
رووانينى گشتى بۆ ئابوورى
پرسى ئابوورى ديارترين كێشەيە رووبەرى ئۆپۆزيسيۆن دەبێتەوە، بۆچوونى گشتى گەورەترين پارتى ئۆپۆزيسيۆن لەگەڵ پارتەكانى تر بۆ ئابوورى جياوازە، چونكە بەگوێرەى سيستەمى سەرۆكايەتى لە سياسەتى ئابوورى وەك پرسەكانى تر لە لايەن سەرۆكى وڵاتەوە ديارى دەكرێت، بەهۆى ئەو ناكۆكيانەى بەرانبەر ئەو پرسە پرسيار ئەوەيە ئەنجوومەنى وەزيران چۆن بڕيارەكانى لەسەر جێبەجێكردنى سياسەتى ئابوورى دەدات، هەرچەندە ئۆپۆزيسيۆن لەم دواييە بايەخ بە كێشە ئابوورييەكان دەدات، بەڵام تا ئێستا هيچ جۆرە سياسەتێكى ئابوورى وەك جێگرەوە باس نەكردووە، تاوەكوو بتوانێت بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ بێت، تەنيا رەخنە دەگرێت، بەبێ ئەوەى ديدى خۆى شرۆڤە بكات پێشنيار لەسەر ئەم بوارە بخاتە بەردەم دەنگدەران.
سياسەتى دەرەوە
سياسەتى دەرەوەى ئەردۆغان يەكێكە لە كارتەكانى سەركەوتنى پارتەكەى لە هەڵبژاردنەكان، ئێستا ئاكپارتى سياسەتى هاوسەنگى لە ئاڵۆزييەكانى نێوان رۆژئاوا و رووسيا گرتۆتەبەر، لە نێوەندگيرى ئۆكراينا و رووسيا سەركەوتوو بووە، ئەوەش بۆتە بارقوورسى بەسەر ئۆپۆزيسيۆن.
دۆسيەى پەنابەرانيش پەيوەستە بە سياسەتى دەرەوە، يەكێك لەو پرسانەى ئۆپۆزيسيۆن لەسەر ئاستى ناوەخۆ زۆر بايەخى پێدەدات، هەرچەندە جەهەپە و پارتى چاكە لە دۆسيەى پەنابەران هەڵوێستيان نەرێنيە، بەڵام هيچ روانگەيەكيان بۆ ئەو پرسە نەخستۆتە روو، كە ئەو ميكانزمە چييە بۆ گەڕانەوەى ئاوارەكان بەخواستى خۆيان دەيگرنەبەر، لەبەر ئەوەى ئەو دۆسيە پەيوەستە بە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، ئەو دووپارتە ناتوانن گوتاريان بەرانبەر ئەو دۆسيە توند بێت، ئەوەش وايكردووە لە رووسياسەتى ناوخۆييەوە زيانى لێبكەن و لەبەرژەوەندى ئاكپارتى تەواو بێت.
تيرۆر و ئاسايش
لە ماوەى رابردوو توركيا بە چڕى لە رێگەى بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر كار لەسەر بوارى ئاسايش دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش بە توندى دژ بە پارتى كرێكارانى كوردستان و گرووپى فەتحوڵا گولەن دەوەستێتەوە، كە بە هەڕەشە بۆ سەر توركیایان دەزانێت، حاميد ئميرەبرش دەڵێت، "هەدەپە كە تۆمەتبارە بە هاوكارى پەكەكە رێگرە لەوەى ئەو شەش پارتە هەڵوێستى خۆيان لەسەر ئەو پرسە دەربڕن."
شەش پارتەكەش بەرانبەر گرووپى فەتحوڵا گولەنيش هەمان كێشەيان هەيە، جەختيش لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست ئەو كەسانەى لەدواى كودەتا شكستخواردووەكەى مانگى تەمووزى ساڵى (2016) بە فەرمانى سەرۆكايەتى توركیا دوورخراينەوە دەيانگێڕنەوە بۆ پۆستەكانيان، ئەو هەنگاوانەى توركيا لە ماوەى رابردوو ناويەتى پشتگوێى دەخەن، كە بۆتە زيادبوونى دەنگدەرانى حكومەت، ئەوەش دڵەڕاوكێى شەش پارتەكە لا دروستكردوون.
حكومەت دەستپێشخەرى بۆ سياسەتى ناوخۆيى لەدەستە
كوبڕا پار لە راپۆرتێكى دەڵێت، "تا چەند مانگێك پێش ئێستا بەهۆى بەرزبوونەوەى هەڵاوسان و دابەزينى نرخى دراو ئاماژە سياسيەكان لەبەرژەوەندى ئۆپۆزيسيۆن بوو، بەوەش حكومەت دەنگێكى زۆرى لەدەست دا، شەش پارتەكە لە دەورى مێزێك كۆبوونەوە لەگەڵ ئەوەش دەنگى هەدەپەيان رەچاوكردبوو كە چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەركەوتن بەدەست بهێنێت، گوتارى سياسى بەشێوەيەكى بەرچاو لە بەرژەوەندى ئۆپۆزيسيۆن بوو، ميراڵ ئەكشنار گەشتێكى بۆ سەرجەم شارەكانى توركيا كرد و چاوى بە بازرگانان كەوت، راپرسيەكانيش پاڵپشتى بەرزبوونەوەى دەنگى ئەو پارتە نەتەوەييەيان دەرك، بەڵام كاتێك كەمال كليچدار ئۆغلۆ لە كەناڵى (TRT) باسى كێشەى نيشتەجێبوونى قوتابيان و قەرزەكان و پشكى ئەو كەناڵە كارەبا و دۆسيەى داتاكانى ئامارى توركى كرد، حكومەتى توركيا ناچاربوو رێكارى پێويست بگرێتەبەر، ئەوە ئاڕاستەكە بۆ بەرژەوەندى ئاكپارتى گۆڕا، جارێكى تر شەرعيەتى ئەردۆغان و پارتەكەى بەهێزكردەوە.
هەندێك لەو كەموكوڕیانەی ئۆپۆزیسیۆن باسی دەكات ئەردۆغان چارسەرەیان دەكات
ئەو نووسەرە دەڵێت، "ئەو پێگەيەى ئەردۆغان لە دەرەوە رۆڵى هەبوو لە نێوەندگيرى جەنگى ئۆكراينا رووسيا و كۆبوونەوەى سەرۆكانى ئەرمينيا و ئازەربيجان لەسەر يەك مێزوو دەست لەسەر شاندانانى ئيمانوێل ماكڕۆن سەرۆكى فەڕەنسا و بانگێشتكردنى بۆ بەشدارى كۆڕبەندى يەكێتى توركى و دانووستانى لەگەڵ سەرۆكى رووسيا بۆ پرسى گازى سرووشتى رەنگدانەوەى ئەرێنى لەسەر ناوخۆى توركيا هەبوو."
لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژە بەوە دەكات، "هەرچەندە بەهۆى هەڵاوسان تێچووى ژيان زيادى كردووە، بەڵام ئەو ناخۆشيانەى گەلى توركيا لە رێگەى بەرزكردنەوەى مووچە و هاوكارى كۆمەڵايەتى كەمكردەوە، هەروەها تەنيا لە ماوەى سێ حەوت حەوت مليۆن كەس داواى پڕۆژەى يەكەى نيشتەجێبوونى بەكۆمەڵى نوێيان كرد، ئەوەش هەنگاوێكى گرنگە لە بەرژەوەندى حكومەت، ناتواندرێت لە بايەخى كەمبكرێتەوە.
پۆتين سوورە لەسەر ئەوەى پشت لە ئەردۆغانى هاوڕێى نەكات
ئەو نووسەرە توركە پێيوايە ئەو رێكارانە بەس نييە، پێويستە حكومەت پارەى زۆر بخاتە بازاڕەوە، ئەوەى بە ئاشكراش ديارە پۆتين سوورە لەسەر ئەوەى پشت لە ئەردۆغان نەكات و لە كاتە هەستييەكان و پێداويستى دارايى هاوكارى دەكات، لەگەڵ نزيكبوونەوەى هەڵبژاردنەكانيش هيچ كاريگەرييەكى ئەمەريكى نەبۆتە رێگرى لە هاتنى پارەى وڵاتانى عەرەبى بۆ توركيا بەتايبەت ئيمارات و سعووديە و قەتەر، بۆيە شتێكى لەناكاو نابێت ساڵى داهاتوو ئەردۆغان پارەيەكى زۆر بخاتە بازاڕەكانی توركیا.
تاقيكردنەوەيەك بۆ ئۆپۆزيسيۆن
وەك پلانى بۆ داندراوە، بڕيارە لە مانگى ئادارى داهاتوو گازى سرووشتى لە دەرياى رەش دەربهێندرێت، بەوەش ئاكپارتى بەشێوەيەكى بەرچاو لە پێش هەڵبژاردنەكان باڵانسى دەنگەكانى بەرز دەبێتەوە، كليچدار ئۆغلۆ باس لەوە دەكات لە مانگى داهاتوو پڕۆژەى چاكسازى گشتگير رادەگەينێت، بەڵام ئەگەر ئۆپۆزيسيۆن باسە ئابوورييەكانى تەنيا شتێكى تيۆرى بێت، وەك پێشوو كە تەنانەت ئەوانەى شيانەوێت لێى تێبگەن، تێگەيشتن لە باسەكانيان قوورس بێت، ئەوا ناتوانێت هيچ كاريگەريەك دروست بكات، بۆيە پێويستە ئۆپۆزيسيۆن هەڵوێستى لەسەر توركيايەكى بەهێز بونياد بنێت.
سەبارەت بە سەردانى سەرۆكى جەهەپە بۆ ئەمەريكا و ئەو كەسانەى لەگەڵيان كۆبۆوە، زيانى گەورەى بە پێگەى گەياند، هەروەك نەشيتوانى پارێزگارى لە پرسى باڵابۆشى و دەنگى (نەخێر) بۆ هەمووارى دەستوور بكات، ئەوەش دەبێتە گومان لەسەر راستگۆيى، كە لەكاتێدا بوو ئەكشنار گوتى، "ئێمە دادنووس نين." وروژاندنى پرسى باڵاپۆشى و كاريگەرى سەردانەكەى كليچدار بۆ ئەمەركيا ئەو دەرفەتەى لەدەست دا ببێت بە كاندێكى بەهێز، هەروەك پرسى كانديدى ئۆپۆزيسيۆن بۆتە مايەى بێزارى دەنگدەرى تورك، جگە لەوەش پارتەكەى ميراڵ ئەكشنار ناتوانێت سەرنجى پارتى گەلى كۆمارى بۆ خۆى رابكێشێت.
سەرچاوە: عربی 21
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment