ورده‌كاریى لێكۆڵینه‌وه‌ى عێراق له‌ هێرشه‌كه‌ى سه‌ر زاخۆ ئاشكرا ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى تۆمارێكى ڤیدیۆیى عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌رى جێگرى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌كانى عێراق، دوو به‌ڵگه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌و هێرشه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو بۆ سه‌ر گوندى په‌ره‌خ له‌ زاخۆ، له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24/ته‌مووز/2022 میدیاكانى عێراق ڤیدیۆیه‌كى عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌رى جێگرى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى عێراقیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ باس له‌ ورده‌كارییه‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ى سه‌ر گوندى په‌ره‌خى زاخۆ ده‌كات.

شه‌مه‌رى له‌ ڤیدیۆكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كاتێك له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانى شوێنه‌كه‌یان كردووه‌، ساچمه‌ و پاشماوه‌ى رۆكێته‌كانیان هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه‌ و ره‌وانه‌ى به‌غدا كراون، بۆئه‌وه‌ى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تۆپهاوێژه‌كان پشكنینیان بۆ بكرێت، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و تۆپانه‌ى ئاراسته‌ى شوێنه‌كه‌ كراون، له‌ جۆرى 155 ملم/ن، كه‌ ئه‌مه‌یش توركیا هه‌یه‌تى.

جێگرى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵگه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و رۆكێتانه‌ له‌ باكوورى رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هاوێژراون كه‌ ئه‌ویش ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌ ته‌واوى سوپاى توركیاى لێیه‌ و له‌ دوورى چوار تا چوار كلیۆمه‌تر و 500 مه‌تر له‌ پشت كێوى خامتیره‌وه‌ هاوێژراون.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو هێرشكرایه‌ سه‌ر ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارى له‌ گوندى په‌ره‌خى ئیداره‌ى زاخۆ، له‌ ئه‌نجامدا نۆ كه‌س شه‌هیدبوون 31 كه‌سیش بریندار بوون كه‌ هه‌موویان گه‌شتیار بوون. حكومه‌تى عێراق به‌ فه‌رمى توركیاى له‌م هێرشه‌ تۆمه‌تبار كرد و توركیایش ئه‌م تۆمه‌ته‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین