مالیكى ده‌یه‌وێ له‌ په‌نجه‌ره‌وە بگه‌ڕێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌دا له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات دواى دوورخستنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت، نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌یه‌وێ "له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌" بگه‌ڕێته‌وه‌ و پێشنیارى شێوازێكى تر بكات بۆ دیاركردنى كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت.

رۆژنامه‌ى مه‌دا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24/ ته‌مووز/ 2022  له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ باس له‌ هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ى نوورى مالیكى ده‌كات، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر بڕیاره‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى. رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى لیژنه‌یه‌كى چوار كه‌سى پێكهێناوه‌ بۆ دیاركردنى كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت، به‌م لیژنه‌یه‌ تواناى سه‌ركرده‌كانى هێڵى یه‌كه‌م له‌ سه‌رۆكایه‌تى دوور بخاته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌وان نوورى مالیكى بوو.

به‌ڵام ئێستا نوورى مالیكى چاوه‌ڕوانى شكستى ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى پێشنیار بكات، كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت به‌ ده‌نگدانى ته‌واوى په‌رله‌مانتارانى شیعه‌، به‌ چوارچێوه‌كه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌كه‌، هه‌ڵبژێردرێت. 

به‌مه‌یش ده‌یه‌وێ جارێكى له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌سه‌ر بڕیارى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى زاڵ بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌دوور ده‌زانرێت مالیكى نیوه‌ى په‌رله‌مانتارى شیعه‌ى پێ رازى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى پێ بده‌ن.

نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، دوو خوول سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى عێراقى كردووه‌، ئێستا هه‌وڵ بۆ سێیه‌م ده‌دات، به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ى تۆمارێكى ده‌نگى كه‌ تێیدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانى ترى عێراق، دادگایش وا خه‌ریكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دروستییه‌كه‌ى ده‌كات، ئامانجى مالیكى سه‌خت ده‌كات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین