سیاسه‌تمه‌دارێكى عێراقى : 2024 دوورترین واده‌ ده‌بێت بۆ كه‌وتنى سیسته‌مى سیاسى عێراق عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فایق شێخ عه‌لى په‌رله‌مانتارى پێشوو و ئەمینداری گشتی حزبى گه‌ل له‌ عێراق، له‌ دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى پێشبینى ده‌كات به‌ هۆى تیمێكى نێوده‌وڵه‌تى سيستەمی سیاسى ئێستا عێراق بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ناو بچێت و ده‌شڵێ، " 2024 دوورترین واده‌ى ئه‌و كه‌وتنه‌ ده‌بێت".

شه‌وى رابردوو پێنجى ته‌مووزى 2022 فایق شێخ عه‌لى دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ سه‌حر عه‌باس جه‌میل رۆژنامه‌نووسى عێراقى كردووه‌ و له‌ كه‌ناڵى دیجله‌ په‌خشكراوه‌. له‌و دیمانه‌یه‌ فایق شێخ عه‌لى كۆمه‌ڵێك زانیارى ده‌خاته‌ڕوو كه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و هه‌ندێك لایه‌نى تر تووڕه‌ ده‌كات، له‌وانه‌ هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌وتنى رژێمى ئێستاى عێراق هه‌یه‌.

شێخ عه‌لى ده‌ڵێ، "2024 دوورترین واده‌یه‌ بۆ كه‌وتنى رژێمى ئێستاى عێراق، رژێمه‌كه‌ ته‌نیا ناكه‌وێ، به‌ڵكو تاهه‌تایه‌ له‌ناو ده‌چێ" فایه‌ق شێخ عه‌لى له‌ دیمانه‌كه‌ى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات تیمێكى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ به‌ "مه‌زن" ناویان ده‌بات، پلان بۆ ئه‌و كاره‌ ده‌ده‌نێنن. سه‌باره‌ت به‌ شێوازى خستنى سیسته‌مه‌كه‌یش ده‌ڵێ، "ئاشكراى ناكه‌م، هێزه‌ سیاسییه‌كانیش نازانن، به‌ڵام هه‌موو شتێك به‌ هێزێكى به‌ زه‌بر كۆتایى دێت و به‌زه‌یى به‌ سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان نایه‌ته‌وه‌".

فایه‌ق شێخ عه‌لى كه‌ پێشتر پارێزه‌ر بووه‌ له‌ ئه‌وروپا، دواتریش په‌رله‌مانتار بوو له‌ عێراق و ئەمینداری حزبى شه‌عبه‌ "گه‌ل" ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ زۆر جار پێشبینى "سه‌یر" ده‌كات. سه‌حر عه‌باس جه‌میل كه‌ دیمانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كردووه‌، راشكاوانه‌ پێى ده‌ڵێ، "تۆ زۆر پێشبینیت كردووه‌، به‌ڵام نه‌هاتووه‌ته‌دى".

 هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌و لێدوانه‌ى فایق شێخ نیگه‌رانن، له‌وانه‌ فازڵ مه‌وات سه‌ركرده‌ له‌ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاتوئاهه‌نگى لێدوانێكى له‌ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "شێخ عه‌لى خه‌ون ده‌بینێ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین