سه‌در: هیچ كه‌سێك له‌ دانوستاندنه‌كان نوێنه‌رایه‌تیمان ناكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ساڵح عێراقى كه‌ به‌ كه‌سێكى نزیك له‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ناسراوه‌، لە پەیامێکدا هۆشداریى ده‌دات له‌وه‌ى بیرۆكه‌یه‌ك هه‌یه‌، كه‌سانى جیابووه‌وه‌ له‌ ره‌وته‌كه‌ له‌ حكومه‌ت به‌كار بهێرێت، بۆ ئه‌وه‌ى شه‌قامى پێ بێده‌نگ بكرێت. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك نییه‌ له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دانوستاندنه‌كان نوێنه‌رایه‌تى سه‌در بكات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 24 حوزه‌یرانى 2022 ساڵح عێراق كه‌ به‌ "وه‌زیرى سه‌در" ده‌ناسرێت له‌ تویته‌ر په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، هۆشداریى داوه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى بیرۆكه‌یه‌ك كه‌ به‌ "بیرۆكه‌یه‌كى چه‌په‌ڵ " ناوى ده‌بات.

ساڵح عێراقى بیرۆكه‌كه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ گوایه‌ هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێ جێبه‌جێى بكه‌ن و ده‌ڵێ، "وه‌زیرێكى سه‌درى له‌ ره‌وته‌كه‌ یان كه‌سێكى جیابووه‌وه‌ يان ده‌ركراو، هاوسۆز له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت به‌كار بهێنن". ساڵح عێراقى پێیوایه‌ هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌ك شه‌قامى سه‌درى بێده‌نگ بكه‌ن و له‌ لایه‌كى تریش به‌ به‌شداربوونى له‌ "حكومه‌تى گه‌نده‌ڵى" تۆمه‌تبارى بكه‌ن. 

ساڵح عێراقى ده‌شڵێ، "چه‌نده‌ ساویله‌كه‌ن ئه‌وانه‌ى به‌مه‌ باوه‌ڕ بكه‌ن، كه‌ گوایه‌ وه‌زیره‌كه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ره‌وته‌كه‌ یان ره‌زامه‌ندى ئه‌وان و یان هه‌ر بیرۆكه‌یه‌كى ترى ژه‌هراوى هاتووه‌". دواتر هه‌ڕه‌شه‌ى كاردانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌و كاره‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و هیچ شتێكى تر به‌شدار نابین…هیچ كه‌سێكیش نوێنه‌رایه‌تى ئێمه‌ له‌ دانوستاندن و گفتوگۆكان ناكات".

ره‌وتى سه‌در كه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌رایه‌تى ده‌كات، له‌دوایین هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان عێراق 73 كورسییان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌هۆى ناكۆكى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ترى شیعه‌ ئه‌وا دواجار له‌ 12ى ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر داواى موقته‌دا سه‌در ته‌واوى په‌رله‌مانتارانى ره‌وته‌كه‌ ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌.



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین