زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌كان له‌ دانیشتنى نائاسایى په‌رله‌مانى عێراق بەشدار بن عێراق ناوچەکە و جیهان
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌كانى به‌شدارى له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى عێراق ده‌كه‌ن، كه‌ دانیشتنێكى نائاساییه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت په‌رله‌مانتارانى شوێنگره‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى ره‌وتى سه‌در دیارى بكرێن.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23 حوزه‌یرانى 2022 دانیشتنێكى نائاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بكرێت. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى دانیشتنه‌كه‌ تاوتوێكردنى هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت، جیا له‌مه‌یش په‌رله‌مانتارانى نوێ له‌ شوێنى په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كانى سه‌در دیارى ده‌كرێن.

تا ئێستا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى "سیاده‌" و یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و سه‌ربه‌خۆكان له‌ دانیشتنه‌كه‌ به‌شدار ده‌بن. رەفیق ساڵحى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى فه‌تج له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌كان به‌شدار ده‌بن.

ساڵحى ئه‌و لێدوانه‌ى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى داوه‌، كه‌ هه‌مان ماڵپه‌ڕ باسى له‌وه‌ كردووه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى دووه‌مى سه‌رۆك په‌رله‌مان و زۆربه‌ى ئه‌ندامانى پارتى و سه‌روه‌ریى گه‌یشتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان.

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو ماڵپه‌ڕى په‌رله‌مانى عێراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دانیشتنێكى نائاسایى ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى ماده‌ى 58ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر چه‌نده‌ له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى په‌رله‌مان كاتژمێر 11ى به‌ر له‌ نیوه‌ڕۆ دیارى كرا بوو، به‌ڵام دانیشتنه‌كه‌ كاتژمێرێك دواكه‌وتووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین