موقته‌دا سه‌در داوا له‌ په‌رله‌مانتارانى ره‌وته‌كه‌ى ده‌كات ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بنووسن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در داوا له‌ په‌رله‌مانتارانى ره‌وته‌كه‌ى ده‌كات، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بنووسن و چاوه‌ڕێى فه‌رمانى ئه‌و بن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نۆى حوزه‌یرانى 2022 موقته‌دا سه‌درى ریبه‌رى ره‌وتى سه‌در په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دووپاتى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ كردووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌شێكى په‌یامه‌كه‌ى بێ ئه‌وه‌ى ناویان بهێنێ باس له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌مڕۆ ئه‌وان شتێكیان ناوێ جگه‌له‌ ته‌وافووق، ئه‌وان له‌ قسه‌كانى خۆیان پاشگه‌زبوونه‌وه‌ كه‌ پروپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن بوو، ده‌یانگوت چاككردنى وڵات ته‌نیا به‌ حكومه‌تى زۆرینه‌ى نیشتمانى ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ بۆ ئێمه‌یه‌ نه‌وه‌ك ئه‌وانى تر".

دواتر موقته‌دا سه‌در باس له‌وه‌ ده‌كات لایه‌نه‌كانى ترى شیعه‌ نه‌یانتوانیوه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن كاتێك ئه‌و بڕیارى داوه‌ ره‌وته‌كه‌ى ئۆپۆزسیۆن بێت، موقته‌دا سه‌در ده‌ڵێ، "بڕیارم دا له‌ ئۆپۆزسیۆنى په‌رله‌مانى بمێنینه‌وه‌، ئه‌وان نه‌یانتوانى حكومه‌ت پێكبهێنن، له‌وه‌ مانه‌وه‌ كه‌ به‌ بنبه‌ستى سیاسى ناوى ده‌بن، به‌ڵام من ناوى ده‌نێم بنبه‌ستى دروستكراو".

موقته‌دا سه‌در باس له‌وه‌يش ده‌كات دوو بژارده‌ له‌ به‌رده‌م ره‌وته‌كه‌یه‌تى: ئۆپۆزسیۆنبوون یانیش كشانه‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر مانه‌وه‌ى فراكسیۆنى ره‌وتى سه‌در ئاسته‌نگه‌ له‌به‌رده‌م پێكهێنانى حكومه‌ت ئه‌وا هه‌موو په‌رله‌مانتارانى ره‌وته‌كه‌ ئاماده‌ن بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان و سه‌رپێچى فه‌رمانه‌كه‌م ناكه‌ن، دوو بژارده‌ هه‌یه‌ یان ئۆپۆزسیۆنبوون یانیش كشانه‌وه‌".

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێ، "هه‌موو په‌رله‌مانتارانى ره‌وتى سه‌در ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان بنووسن وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ پێشكه‌شكردنى به‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، ئه‌مه‌یش دواى فه‌رمانێك له‌ رۆژانى داهاتوودا".
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین