ئاژانسێكى ئه‌ڵمانى : توركیا دۆسیه‌ى كوشتنى ژنان ساخته‌ ده‌كات هەواڵ

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى ئه‌ڵمانى ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا دۆسیه‌ى كوشتنى ژنان ساخته‌ ده‌كه‌ن و به‌ناوى "خۆكوشتن" تۆمارى ده‌كه‌ن، ئه‌م راپۆرته‌یش توركیا توڕه‌ ده‌كات و به‌ فه‌رمى وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌.

ئاژانسى دۆچیه‌ڤیله‌ى ئه‌ڵمانى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات دۆسیه‌ى كوشتنى ژنان له‌ توركیا به‌ ئاسانى داده‌خرێن و ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌و دۆسیانه‌ به‌ناوى "خۆكوشتن" تۆمار ده‌كه‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، چه‌ندان ساڵه‌ دیارده‌ى كوشتنى ژنان له‌ توركیا به‌رده‌وامه‌ و ده‌وڵه‌ت تا ئێستا دیارده‌كه‌ى سنووردار نه‌كردووه‌، وێراى ئه‌وه‌ى رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ فشارێكى زۆر دروست ده‌كه‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌ گومانى ئه‌وه‌ ده‌كرێت ویستێكى سیاسى ناڕۆشن له‌سه‌ر بابه‌ته‌ هه‌بێت، چونكه‌ ده‌گوترێ زۆرێك له‌ دۆسیه‌كانى كوشتنى ژنان به‌ ناوى "خۆكوشتن" تۆمار ده‌كرێن و دواتر داده‌خرێن.

به‌گوێره‌ى ئامارى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت له‌ساڵى رابردوو له‌ توركیا 300 ژن كوژراون، ئاژانسه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ى ده‌شاردرێته‌وه‌ زۆر له‌مه‌ زیاتر و ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و ئاماره‌یش  171 دۆسیه‌ى به‌ گوماناوى و خۆكوشتن ناوبراون و دواتر داخراون.

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى سپۆتنیكى رووسى داواكارى گشتى توركیا وه‌ڵامى راپۆرته‌كه‌ى داوه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تى به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌ى تاوان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كان ده‌كاته‌وه‌ و ته‌واوى زانیارییه‌كانى راپۆرته‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌یش ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین