چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ پێشنیاره‌ كۆنه‌كه‌ى سه‌در رازى ده‌بن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌دا ئاشكراى كردووه‌، ئێستا له‌ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگى شیعه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت چوارچێوه‌كه‌ رێكبخرێته‌وه‌ و به‌شێكى له‌گه‌ڵ سه‌در به‌شدار بن له‌ حكومه‌ت، ئه‌مه‌یش ئه‌و پێشنیاره‌یه‌ كه‌ پێشتر موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در به‌ به‌ره‌كه‌ى دابوو.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21 ى نیسانى 2022 رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى تاوتوێى ئه‌وه‌ كراوه‌ به‌شێك بچنه‌ ریزى سه‌دره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى له‌ حكومه‌تى عێراق بكه‌ن و به‌ كه‌مترین زیان له‌ ته‌نگژه‌كه‌ ده‌ربچن.

سه‌رچاوه‌كان به‌ مه‌دایان راگه‌یاندووه‌، بۆ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پێویستى به‌ رێكخستنه‌وه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى هه‌یه‌، جا نازانرێ قوربانى به‌ كامه‌ لایه‌ن ده‌درێت.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر نوورى مالیكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا بن، چونكه‌ پێشتر سه‌در به‌ راشكاوى رایگه‌یاندووه‌ قبووڵ ناكات مالیكى له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت به‌شدار بێت. بۆیه‌ رۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تى، "چاره‌نووسى مالیكى ناڕۆشنه‌".

به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، ئێستا قه‌یس خه‌زعه‌لی سكرتێرى گشتى میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق هاتووه‌ته‌ ریزى مالیكى و له‌ لایه‌ن ره‌وتى سه‌در ره‌تكراوه‌یه‌. ئه‌گه‌رهاتوو ئه‌وان به‌ پێشنیاره‌كه‌یش رازى بن و له‌گه‌ڵ سه‌در به‌شدار بن، ئه‌وا میكانیزمى به‌شداربوونیان دیار نییه‌، چونكه‌ پێشتر باس له‌وه‌ كرا بوو، له‌ كۆى 12 وه‌زاره‌تى پشكى شیعه‌، ته‌نیا پێنج وه‌زاره‌ت به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌درێت.

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ پێكهاتووه‌، جگه‌ له‌ ره‌وتى سه‌در، خۆى وه‌ك به‌ره‌یه‌كى سیاسى ده‌نوێنێ. ئه‌و به‌ره‌یه‌ داواى پێكهێنانى حكومه‌تى ته‌وافووقى ده‌كات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین