ستراتیژيى بایدن له ‌بوارى ئاسایشى نیشتمانى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئێران و چین ئێران

نوچه‌نێت

جۆ بایدن سەرۆكى ئەمریکا بە وردی ستراتیژیی ئیدارەکەی خۆی لە بەرانبەر هەڕەشەکان و تەحەداکانی بەردەم ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و هەروەها جیهان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بڵاو کردەوە.


بە پێێ ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "دەنگی ئەمریکا"، لەو ڕاپۆرتدەدا کە کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەم سێی ئادار لەژێر ناوی "ڕێنوێنی ستراتیژیکی کاتیی ئاسایشی نیشتمانیی" بڵاوی کردەوە، ئاماژە بە کێشە و ئاستەنگە جیاوازەکان و لەوانە ئێران کراوە. 
سەرۆک بایدن لەپێشەکی ئەو ڕاپۆرتەدا جەختی کردووەتەوە کە بەڵێن دەدات "نەک هەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاستەنگەکانی ڕابردوو، بەڵکو لە بەرانبەر تەحەداکانی ئێستا یان داهاتوو"دا لەگەڵ جیهان مامەڵە و هاوکاریی بکات.

پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بایدن سەبارەت بە ئاستەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتوویەتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لەپاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتی ئیسرائیل و هاوکات هەوڵ دەدەین ئەو وڵاتە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدات". 
سەرۆک بایدن لە درێژەدا جەختی کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەر لەنوێ وەک داهێنەری ڕێگاچارەی "دوو وڵاتی" لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا ڕۆڵ دەگێڕێتەوە. 
سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەبیری هێناوەتەوە کە واشنتۆن بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەلامارەکانی ئێران و هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە لە دژی سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتان، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا هاوکاریی دەکات. 

بايدن: ئێمە بڕوامان بەوە نییە کە کەڵکوەرگرتن لە هێز چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ناوچە بێت


بنەماکانی تری ستراتیژیی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتین لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییەکانی ئەلقاعیدە و ئەو تۆڕە تیرۆریستییەی پەیوەندی بەو گرووپەوە هەیە، ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی دووبارەی داعش، چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان و هەوڵی چڕ بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرژی و ناکۆکی و پێکدادانە چەکدارانە کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە. 
سەرۆک بایدن جەختی کردووەتەوە کە هاوکات "ئێمە بڕوامان بەوە نییە کە کەڵکوەرگرتن لە هێز چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ناوچە بێت،  چەکی بەتاڵ بە هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گرتنەبەری ئەو سیاسەتانەی کە لە دژی بەرژەوەندیی و بەها و بایەخە ئەمریکییەکان بن نادەین". 
هەروەها ئاماژەی کردووە، "هەر بۆیە ئێمە ئیتر لە ئۆپەراسیونی سەربازیی لە یەمەن پشتیوانیمان نەکرد و لە هەوڵەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ [لە یەمەن] پشتیوانیمان کرد". 
چل و شەشەمین سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە "ئامانجی ئێمە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوچە و بەدیهێنانی ژینگەیەک بۆ گەلانی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە مەبەستی گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانیان".

هەڕەشەی ئەتۆمی


چەسپاندنەوەی ڕابەرایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بواری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، تەوەرێکی تری ستراتیژیی ئیدارەی جۆ بایدن بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی چەکی ئەتۆمییە. 
سەرۆک بایدن لە دەقی ڕێنوێنی ستراتیژیکیی ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەکەیدا وتوویەتی، "ئێمە بە هاوکاریی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان، دیپلۆماسی بابەتیانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران و چالاکییەکانی تری ئەو وڵاتە کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری دەگرینەبەر". 
بایدن سەبارەت بە کوریای باکووریش وتوویەتی، "ئێمە دیپلۆماتەکانمان بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کوریای باکوور کە لە پەرەسەندندان، ڕادەهێنین و شان بە شانی کوریای باشوور و ژاپۆن ڕادەوەستین".

چین و ڕووسیا


لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە چین کراوە وەک تاقە وڵاتێکی ڕکابەر کە بە کۆکردنەوەی توانای ئابووریی، دیپلۆماتیک، سەربازیی و تەکنۆلۆژیکی خۆی، توانای تەحەداکردنی سیستەمی ئازاد و سەقامگرتووی نێودەوڵەتی هەیە. 
سەرۆک بایدن لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕووسیاش کردووە و دەڵێت، "ڕووسیا هێشتا پێداگرە لە پەرەپێدان بە هه‌ژموونى خۆی لە جیهاندا و ڕۆڵگێڕان وەک ئەکتەرێکی تێکدەر لە شانۆی جیهانیدا". 
سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەبیری هێناوەتەوە، "هەم پەکین و هەم مۆسکۆ لە درێژەی هەوڵەکانیان سەرمایەگوزارییەکی بەرفراوانیان کردووە بۆ تاقیکردنەوەی توانای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێگریکردنمان لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکان و هاوپەیمانەکانمان لە هەموو جیهاندا". 
بە وتەی بایدن، ئەکتەرە هەرێمییەکان و لەوانە ئێران و کوریای باکوور، هێشتا هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بەو توانا و تەکنۆلۆژیانە دەدەن کە دەتوانن یاسا و ڕێساکان بگۆڕن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاوکات هەڕەشە لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن و ناوچەکانیان ناسەقامگیر دەکەن.

مەترسی تیرۆریزم

سەرۆک بایدن تیرۆریزم و ڕادیکالیزمی توندوتیژانە، چ لە ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەک هەڕەشەیەکی سەرەکی دەبینێت و لەو بارەوە وتوویەتی،  "باڵادەستی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (لە هەموو بوارەکاندا) ئەو توانایەمان پێ دەدات کە سیاسەتی نێودەوڵەتی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی و بەها و بایەخەکانمان داڕێژین و جیهانێکی کراوەتر، ئەمنتر و بەختەوەرتر بنیات بنەین".
بایدن هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نابێ لە "شەڕە بێ کۆتاییەکان"دا کە تێچووەکەی قوربانیکردنی گیانی هەزاران کەس و میلیاردەها دۆلارە، دەرگیر بێت و نایشبێت.

سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێنوێنی ستراتیژیکیی ئاسایشی نیشتمانیی کاتیی ئیدارەکەیدا ئاماژەی بە شەڕی ئەفغانستان کردووە وەک درێژخایەنترین شەڕی ئەمریکا و لەو بارەوە وتوویەتی کە ئیدارەکەی بەرپرسیارانە کار دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بێنێت و هاوکات ئەوە مسۆگەر بکات کە ئەفغانستان جارێکی تر نابێتە شوێنێک بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەکان لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین