كەناڵە ناڕاستەوخۆكانی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئێران ئاشكرا دەبێت ئێران

نوچە نێت

وەرگێڕانی: ئیسماعیل تەها

هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چەندین پرسیاری لەسەر هەبوونی كەناڵی ناڕاستەوخۆی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەی درووست كردووە لەپێناو كۆنتڕۆڵكردنی ئاڵۆزییەكان و رێگریان لە فراوانبوونیان. 

ئەمیر ئۆرن، پسپۆر لە بواری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە تەلئەبیب رایگەیاند، ئەو راپۆرتەی ماڵپەڕی ئەكسیۆس بڵاوی كردۆتەوە كە تەلئەبیب پێشوەختە تارانی لە ئامانجەكان ئاگاداركردۆتەوە، بایەخێكی گەورەی هەیە، ئاماژەیە ب ئەوەی كەناڵی پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولا لەسەر وردەكاریی ئەو هێرشە هەبووە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت،" ئامانجی ئیسرائیل لەپشت ئەو پەیامانە هێوركردنەوەی ئێران و رێگرییە لە وەڵامدانەوەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیسرائیل دڵنیایی دا كە ئەو هێرشانە زیانی فراوانی مرۆیی نابێت.

ئارون جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو پەیوەندییە ناراستەوخۆیە لە مانگی نیسانی رابردووە بۆتە نەریتێك لەنێوان هەردوولا، ئەو كاتەی ئێرانییەكان رووسیا و ئەمەریكایان سەبارەت بە وردەكاریی هێرشەكە بۆ سەر ئیسرائیل ئاگادار دەكردەوە.

ئەو پسپۆڕە روونیشی دەكاتەوە، ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی ئێران ئەو كاتە رەوانەی كرد سست بوون، بۆ ئەوەی ئیسرائیل خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان ئامادە بكات.

سەعید شارودی، لێكۆڵەری سیاسی و ستراتیژی لە تاران دەڵێت، "ئێران ئەو هێرشەی ئیسرائیل بە لاواز دادەنێت، پێشی وایە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی مافی وەڵامدانەوەی هەیە."

شارودی لە بەشێكی دیكەی قسەكانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، بەهۆی هەبوونی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل لە لێدان لە پێگە سەربازییەكان شكستی هێنا و زۆرینەی مووشەكەكان لە ئاسمان تەقێندرانەوە.

ئەو لێكۆڵەرە ئێرانییە پێیوایە، تەنیا بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت ئەو جەنگە فراوان بكات، چونكە لەناو ئیسرائیل دەنگی ناڕەزایی توند لەسەر هەڵسوكەوتی سیاسی و سەربازیی و ناتەنیاهۆ هەیە.

لە لایەكی دیكەوە گۆردۆن گرای، یاریدەردەری پێشووی وەزیری دەرەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەكرێت گریمانەی ئەوە بكرێت، هێرشەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران دابخرێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت، "ئەو لێدانە وەك لێدانی مانگی نیسان بوو، كاتێك ئێران بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، وەڵامی تەلئەبیب لە نزیك ئەفسەهان سنووردار بوو."

گرای پێیوایە، قۆناغی داهاتوو ئاڵۆزییە سەربازییەكان لەو ناوچەیە زیاتر دەبێت، چونكە لە لێدانی دوێنێ شەو زیانی  لە كورەكان داوە، ئەو رووداوەش دوای ئەوە دێت كە هەندێك زانیاری دزەی كرد كە ئێران لە كورە ئەتۆمییەكان، یاخود ژێرخانی وزە دەدات، بەڵام راگەیاندنی ئێران لە بایەخی ئەو لێدانەی كەمكردەوە، ئەوەش وادەكات ئێران هەست بەوە بكات كە ناچار نییە وەڵام بدەنەوە.

ماڵپەڕی ئەكسیۆس بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاوی كردەوە، لە رێگەی چەند كەناڵێكی جیاواز یەناڕاستەوخۆ پەیامی ئیسرائیلییەكان گەیێندراوەتە ئێرانییەكان.

یەكێك لەو سارچاوانەش ئاشكرای كردووە، پێشتر ئیسرائیلییەكان ئەوەیان بۆ ئێرانییەكان روون كردۆتەوە، كە چی دەكەنە ئامانج و چی ناكەنە ئامانج.

دوو سەرچاوەی دیكەش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ئیسرائیل هۆشداری داوەتە ئێران كە نابێت وەڵام بداتەوە، ئەگەر هەوڵێ تۆڵەكردنەوەش بدات، ئەوكات هێرشی گەورەتر دەكەینە سەر ئێران، بەتایبەت ئەگەر هێرش بكەن و هاووڵاتی سڤیل بەربكەوێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕەكەی ئەكسیۆس یەكێك لە كەناڵەكانی كە پەیامەكەی ئیسرائیلی گەیاندۆتە ئێران، كاسبەر ڤیلد كامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵندا بووە.

دوێنێ شەممە سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی كردە سەر چەند بنكەیەكی سەربازیی لەناو خاكی ئێران، سەرچاوە ئیسرائیلییەكان رایگەیاند، ئەو هێرشە بەفرۆكەی جەنگی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەنجامدراوە.

سوپاسی ئیسرائیل هێرشەكانی بە هێرشی ورد و ئاراستەكراو ناوبرد، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، هێرش كراوەتە سەر بنكەی درووستكردنی مووشەكی بالستی و چەند شوێنێكی دیكە، سەبارەت بە زیانەكانیش ئێران رایگەیاند، زیانەكانی ئەو هێرشە سنووردار بووە، دوو سەرباز كوژراون.

لە سەرەتای ئەو مانگە ئێران (200) مووشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كرد، بەڵام زۆربەیان پوچەڵ كرانەوە، لەبەرانبەردا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان لە ئێران دەكرد.

سەرچاوە: ماڵپەڕی حوڕە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین