به‌هۆى سه‌ركرده‌یه‌كى سه‌حوه‌وه‌ كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان حه‌لبووسى و حزبوڵا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌ هۆى هه‌وڵى گرتنى سه‌تام ئه‌بوڕیشه‌ سه‌رۆكى میلیشیاكانى سه‌حوه‌ى ئه‌نبار، حزبوڵاى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كات و ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ عێراق تاوانباران ده‌ستگیر ده‌كات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ دووى نیسانى 2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌و ناكۆكییه‌ تونده‌ ده‌كات كه‌ له‌نێوان محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و میلیشیاى كه‌تائیبى حزبوڵاى عێراقى دروست بووه‌.

رۆژى هه‌ینى رابردوو هه‌وڵى گرتنى سه‌تام ئه‌بوڕیشه‌ سه‌رۆكى میلیشیاى سه‌حوه‌ى ئه‌نبار و كوڕى عه‌بدولستار ئه‌بوڕیشه‌ درا، به‌ هۆى خراپ به‌كارهێنانى هێزه‌كه‌ى له‌ ئه‌نبار، كه‌ جیا له‌مه‌یش په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ میلیشیاكانى شیعه‌ هه‌یه‌. سه‌تام ئه‌بوڕیشه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ له‌پشت هه‌وڵى گرتنى وه‌ستاوه‌.

بۆیه‌ ئه‌بوعه‌لى عه‌سكه‌رى سه‌ركرده‌ له‌ میلیشیاكانى كه‌تائیبى حزبوڵاى عێراقى له‌ تویتێكدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر حه‌لبووسى و به‌ "به‌هله‌وان" ناوى ده‌بێت، ئه‌بوعه‌لى عه‌سكه‌رى ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ى هێرش بكاته‌ سه‌ر شێخ سه‌تام وه‌ك ئه‌وه‌یە هێرش بكاته‌ سه‌ر سه‌رجه‌م ئازاده‌كانى عێراق، كه‌تائبى حزبوڵا له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌وه‌ستێ كه‌ سكاڵا له‌ سته‌مى به‌هله‌وان و هاوكارانى ده‌سوه‌تێ".

كه‌چى حه‌لبووسى له‌ تویتێكدا ده‌ڵێ، "به‌دواى هه‌موو تاوانباران و بكوژران ده‌بین كه‌ كه‌سانى بێتاوانیان له‌ ره‌زازه‌ و سه‌قڵاویه‌ و جورف سه‌خه‌ر له‌ناو برد، دواتریش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تاوانه‌كانیان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌".

شه‌رق ئه‌وسه‌ت به‌ دوورى نازانێ ئه‌و ململانێیه‌، په‌یوه‌ندى به‌ ململانێیه‌ سیاسییه‌كه‌ى به‌غداوه‌ هه‌بێت، كه‌ له‌نێوان چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نكى شیعه‌ و هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتیمان هه‌یه‌، حه‌لبووسیش یه‌كێكه‌  سه‌ركرده‌كانى رزگاركردنى نیشتیمان. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین