پرۆسه‌ى سیاسى عێراق له‌ به‌رده‌م سێ سیناریۆى سه‌ختدایه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى ئیلاف ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر پلانى رزگاركردنى نیشتیمان سه‌ر نه‌كه‌وێت، پرۆسه‌ى سیاسى عێراق له‌به‌رده‌م سێ سیناریۆدایه‌ كه‌ هه‌ر سێكیان سه‌ختن، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت بێ ره‌وتى سه‌در پێكبهێرێت، دووه‌م بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ته‌وافووقى، سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ى ئادارى 2022 ماڵپه‌ڕى ئیلاف راپۆرتێكى له‌سه‌ر بارودۆخى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ ناونیشانه‌كه‌ هاتووه‌، "هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشیتمان.. ئایا كۆده‌تاى سپى ده‌بێته‌ دیمه‌نى ره‌شى عێراق؟". له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر سیناریۆى هاوپه‌یمانى سێقۆڵى له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ سه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا چى رووده‌دات. 

بۆ وه‌ڵامى ئه‌مه‌ سێ سیناریۆ دانراوه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ته‌وافووقى له‌و كاته‌یشدا پلانى هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتیمان به‌ ته‌واوى له‌ناوده‌چێت. سیناریۆى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت بێ ره‌وتى سه‌در پێكبهێرێت و ره‌وتى سه‌در ببێت به‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌و كاته‌دا به‌ بڕواى راپۆرته‌كه‌ حكومه‌تى نوێ چه‌ند مانگێك ناخایه‌نێ، چونكه‌ ره‌وتى سه‌در له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانى تر زیاتر پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى به‌هێزه‌ و ئه‌گه‌ر كار به‌ جوڵاندنى شه‌قام بگات ئه‌وا ئه‌وان براوه‌ ده‌بن.

سیناریۆى سێیه‌میش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ له‌مه‌یشدا جۆرێك له‌ شڵه‌ژانى سیاسى و ئاژاوه‌ دروست ده‌بێت، چونكه‌ پێشبینى ده‌كرێت به‌شداربوونى ده‌نگده‌ران ئه‌م جاره‌ زۆر كه‌متر بێت، جیا له‌مه‌یش ئه‌گه‌رێكى به‌هێز بۆ ساخته‌كردن ده‌بێت.

راپۆرته‌كه‌ سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆیانه‌ ده‌دات و ده‌ڵێ، "له‌ هه‌موو بارودۆخه‌كان هه‌ر سیناریۆیه‌ك ئاماده‌ بێت بۆ جێبه‌جێكردن ئه‌وا له‌وانى تر تاڵتر و ره‌شتره‌، له‌ وڵاتێك كه‌ به‌ر شه‌پۆله‌ شێته‌كانى سیاسى ده‌كه‌وێت، له‌ راسیشتدا ئه‌مه‌ سیاسه‌ت نییه‌، حاڵه‌تێكه‌ ناكرێت پێناسه‌ بكرێت و له‌ خانه‌یه‌كدا پۆلین بكرێت. له‌ فه‌رهه‌نگه‌كانى سیاسى بگه‌ڕێن پێمان بڵێن ئایا ده‌كرێت ئه‌وه‌ى له‌ عێراق روو ده‌دات وه‌سف بكرێت؟".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین