نێچیرڤان بارزانى: سه‌ردانى پاپا ده‌رگایه‌كى فراوانترى جیهانى به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئامادەکاری بۆ سەردانى قەداسەتى پاپا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ باسى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا فڕانسیسى كرد و پێیوابوو ده‌رگایه‌كى فراوانتر به‌ڕووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:


پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/2 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز نزار ئەلخەیروڵڵا بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئامادەکاری بۆ سەردانى قەداسەتى پاپا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا بەڕێزیان پوختەیەکى دەربارەى ئامادەکارییەکان و بەرنامەى سەردانەکەى پێشکەش بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد و خۆشحاڵیى خۆى بە هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان لایەنە پەیوەندارەکانى حکوومەتى فیدراڵى عێراق و هەرێمى کوردستان دەربڕى و دووپاتى کردەوە کە هەموو ڕێکار و ڕێوشوێنەکان وەک چۆن لەگەڵ لایەنى ڤاتیکان پلانیان بۆ دانراوە، لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئامادە کراون و هەردوولا لە هەماهەنگی و پەیوەندیى بەردەوامدان.

لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەردانى قەداسەتى پاپاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە مێژوویى لە قەڵەم دا کە دەنگدانەوەیەکى جیهانى دەبێت، هەروەها ستایش و دەستخۆشى پێشکەش بە بەڕێزیان و هاوکارى و هەماهەنگیى هەردوو تیمى ئامادەکارى سەردانەکە لە هەولێر و بەغدا کرد.

بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە پەیام و بایەخ و گرنگیى سەردانى قەداسەتى پاپای بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد کە دەرگایەکى فراونترى جیهانى بەسەر عێراق و هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە و مایەى خۆشحاڵیى هەموو پێکهاتەکانە، دەرفەتێکیشە بۆ قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و یەکترقبووڵکردنى نێوان هەموو پێکهاتەکان.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین