چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و ره‌وتى سه‌در ده‌ستیان به‌ گفتوگۆ كرده‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسى ئاشكراى ده‌كات له‌سه‌ر ئاستى دووه‌مى سه‌ركرده‌كانیان به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ و ره‌وتى سه‌در له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا ده‌ستیان به‌ دانوستاندن كردووه‌ته‌وه‌ و تاوتوێى چه‌ند سیناریۆیه‌كى رێككه‌وتنیان كردووه‌.

شه‌وى رابردوو نۆى ئادارى 2022 سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسى بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز ئاشكراى كردووه‌، گفتوگۆى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و ره‌وتى سه‌در له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌ و چه‌ند تێگه‌یشتنێكى هاوبه‌ش هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وام بوونى دانوستاندن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ چه‌ند سیناریۆیه‌ك هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ 60 ئه‌ندامى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بچنه‌ ریزى ره‌وتى سه‌دره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى شیعه‌ پێكبهێنن، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتێك ده‌بێت كه‌ سه‌در ڤیتۆكه‌ى له‌ دژى نوورى مالیكى و ده‌وڵه‌تى یاسا هه‌ڵبگرێت.

سیناریۆیه‌كى تریش ئەوەیە به‌ر له‌ هه‌موو شتێك گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى نیشیتمانى پێكبهێنرێت و دواتر ده‌ست به‌ پێكهێنانى حكومه‌ت بكرێت، ده‌سه‌ڵاتى دانانى سه‌رۆك حكومه‌ت به‌ ره‌وتى سه‌در بدرێت، به‌ڵام لایه‌نه‌كانى تریش به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن به‌ كورد و سوننه‌یشه‌وه‌.

له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، ناكۆكیه‌كى تووند له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، بۆیه‌ تا ئێستا دانانى سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانى حكومه‌ت دواكه‌وتووه‌. ره‌وتى سه‌در كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌ بانگه‌شه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كات، كه‌چى به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، داواى پێكهێنانى حكومه‌تى ته‌وافووقى ده‌كه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین