ئاژانسێك: چانسى پارتى بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌هێزتره‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ به‌ هۆى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌نێوان پارتى و ره‌وتى سه‌در و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سونننه‌ هه‌یه‌، چانسى سه‌ركه‌وتنى كاندیده‌كه‌ى پارتى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌هێزتره‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هه‌شتى ئادارى 2022 ئاژانسى ئه‌نادۆڵ راپۆرتێكى له‌سه‌ر كێبڕكێى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، دواى پێنج مانگ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق كێبڕكێى سه‌رۆكایه‌تى عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاڵى سفر.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، تا ئێستا هیچ ته‌وافووقێك نییه‌ له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانى حكومه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌كى زۆر به‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان تێپه‌ڕیوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چانسى كاندیده‌كه‌ى پارتى له‌ كێبڕكێى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار به‌هێزتره‌، چونكه‌ پارتى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌رى "سیاده‌"ى سوننه‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ تێبینى له‌سه‌ر كاندیدى پارتى هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ ناوه‌ندى سیاسى عێراق ناسراو نییه‌.

به‌گوێره‌ى ته‌وافووقى سیاسى دواى 2003 پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ پێكهاته‌ى كورده‌، له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌ پارتى رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پۆسته‌كه‌ كاندید كردووه‌، یه‌كێتیش به‌رهه‌م ساڵح.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین