حەشدی شەعبی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

حەشدی شەعبی عێراق رەتیدەکاتەوە کە لە جوڵە سەربازییەکانیاندا کەسیان بە ئامانج گرتبێت، دەڵێن: ئەوەی کردومانە لە چوارچێوەی یاسادایە و دەیانەوێت ئەوکەسانە بگرن کە سەر بە گروپە تیرۆرستییەکانن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (23/شوبات/2022 ) دەستەى حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە لەبارەى بە ئامانجگرتنى وەزیرى بەرگرى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتی ئاسایش و رێکخستنى سەر بە دەستەکە، لەپاش دەستگیرکردنى چەند کەسێک لە سنورى قەزاى شرگات لە پارێزگاى سەڵاحەدین.  

لە بەیاننامەکەدا وەڵامی ئەو قسانەیان داوەتەوە کە سوننە مەزهەبەکان دەڵێن: جوڵە سەربازییەکانیان بە ئامانج گرتنی وەزیری بەرگرییە و دەڵێن"وەزیرى بەرگرى خاوەنى پێگە و ناوبانگێکى باشە و رۆڵى هەبووە لە رزگارکردنى ئەو ناوچانە لە دەستی تیرۆرستان".

ئەو بەیاننامەیەی حەشدی شەعبی لە دوای ئەوەهات،کە رۆژی 19-02-2022 لە ئۆپەراسیۆنێکى سەربازیی حەشدی شەعبی لە سنورى قەزاى شرگات، چەند کەسێک بە تۆمەتى ئەندامێتىی رێکخراوى داعش دەستگیرکران، کە یەکێکیان عومەر جبورى برازاى جومعە عیناد، وەزیرى بەرگرییە.

ئەو پرسە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەشێک لە هاووڵاتیانى سوننە، حەشدی شەعبیان بەوە تۆمەتبارکرد ئەو کارە بە ئامانجگرتنی خودى وەزیرى بەرگرییە، کە سوننە مەزهەبە.

لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەى حەشدی شەعبیدا هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاسایش و رێکخستنى سەر بە حەشدی شەعبی جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو جموجۆڵ و چالاکیەکانیان بەشێوەیەکى فەرمى و یاسایی و درکپێکردنى ئەمنى و نیشتمانى دەکەن، بۆ رێگرى لە سەرجەم هەڕەشەکان بۆ سەر عێراق لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە، ئەو هەنگاوە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە بەئامانجگرتنى کەسی و تائیفی لەدژى پێکهاتەیەکى دیاریکراو".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین