جیاوازى هێرشه‌كه‌ى بایدن بۆ سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى چى بوو؟ راپۆرت و شیکاری

تایبەت بە نوچەنێت

شه‌وى رابردوو ئه‌مریكا هێرشى كرده‌ سه‌ر پێگه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ نزیك ده‌روازه‌ى سنوورى ئه‌لبوكه‌مال له‌سه‌ر سنوورى نێوان سووریا وعێراق، له‌دیوى سووریا. ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ له‌ ئه‌لبوكه‌مال هێرش بكرێته‌ سه‌ر پێگه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران له‌ ئه‌لبوكه‌مال، به‌ڵام یه‌كه‌م هێرشه‌ له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى جۆ بایدن ئه‌نجام ده‌درێت و به‌رپرسانى ئه‌مریكایش به‌ راشكاوى ده‌ڵێن ئێمه‌ ئه‌نجاممان داوه‌.

ئه‌لبوكه‌مال له‌به‌رده‌م هێرشى ناسراو و نه‌ناسراو

له‌ماوه‌ى جه‌نگى سووریا به‌ تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ رۆژهه‌ڵاتى سووریا نه‌ما، میلیشیاكانى ئێران له‌ ئه‌لبوكه‌مال جێگیركراون و ئه‌م شوێنه‌ به‌ خاڵێكى ستراتیژى ده‌زانن. 

له‌م ماوه‌یه‌دا مانگانه‌ و هه‌ندێك جاریش هه‌فتانه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ئه‌و میلیشیایانه‌ و زۆرجاریش هێرشبه‌ره‌كان دیار نیین و به‌ فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان و مووشه‌ك ئه‌نجام ده‌درێن، به‌ڵام زۆربه‌ى مه‌زنده‌كان بۆ لاى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌ بن.

بۆیه‌ ئه‌و هێرشه‌ى شه‌وى رابردوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ بۆ سه‌ر پێگه‌كانى میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران ئه‌نجامدراوه‌ یه‌كه‌م هێرش نییه‌ بكرێته‌ سه‌ر ئه‌لبوكه‌مال.

شه‌وى رابردوو چى روویداوه‌؟

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، شه‌وى رابردوو كاتژمێر 11ى شه‌و به‌ كاتى گرێنچ فڕۆكه‌ى جه‌نگى ئه‌مریكى له‌ جۆرى ئیف -15 هێرشێكى بۆ سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كى میلیشیاكانى كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا و كه‌تیبه‌كانى سید شوهه‌دا ئه‌نجامداوه‌. حه‌وت بۆمبى زیره‌كى هه‌ڵداوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێكى میلیشیاكان و كه‌ قوڕسایی هه‌ر بۆمبێك 250 كیلۆگرام بووه‌.

تا ئێستا به‌وردى ژماره‌ى كوژراوه‌كان نه‌زانراوه‌ و سه‌ره‌تا باس له‌ 17 كوژراو كرا، دواى نێوه‌رۆى ئه‌مڕۆ روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ باس له‌ كوژرانى 22 چه‌كدارى میلیشیاكان ده‌كات.

لوید ئوستن وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌، دواتر زانیاریی ورد له‌سه‌ر ئه‌نجامى هێرشه‌كه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و دڵنیاییش ده‌دات له‌وه‌ى هێرشه‌كه‌ ئامانجه‌كه‌ى خۆى پێكاوه‌.

هاوكات چه‌ند كه‌ناڵێكى تر له‌وانه‌ جه‌زیره‌ و عه‌ره‌بیه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى تریش له‌ په‌نتاگۆن باسیان له‌وه‌ كردووه‌ هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر كاروانێكى میلیشیاكان بووه‌ كه‌ ویستوویانه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ چه‌ك بۆ سووریا بگوازنه‌وه‌.

جیاوازى ئه‌و هێرشه‌ چى بوو؟

ئه‌و هێرشه‌ یه‌كه‌م هێرشى ئه‌مریكا بوو له‌ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى بایدن ئه‌نجام بدرێت. به‌رپرسانى ئه‌مریكا دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌. هێرشه‌كه‌ به‌ بڕیارى جۆ بایدن ئه‌نجام دراوه‌ و وه‌ڵامێك بووه‌ بۆ ئه‌و هێرشانه‌ى كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا كرایه‌ سه‌ر هاوپه‌یمانان وشاندى دیپلۆماسى ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌ سێ هێرش بوون له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك ئه‌نجام دران و یه‌كه‌م هێرشیان له‌ 15ى ئه‌م مانگه‌ بوو كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر.

دووه‌م جیاوازى هێرشه‌كه‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى هێرشه‌كانى تر ئه‌وه‌ بوو، به‌ راشكاوى ئه‌مریكا به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت. له‌رووى سیاسییشه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هێرشانه‌ى كه‌ زوو رووسیا ناڕه‌زایى له‌به‌رانبه‌رى ده‌ربڕیوه‌.

جیا له‌وه‌یش وه‌ك وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا باسى كردووه‌، عێراقیش له‌ڕووى هه‌واڵگرییه‌وه‌ به‌شدار بووه‌، تا ئێستا لایه‌نى عێراقى روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ى وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا نه‌داوه‌، به‌ڵام پێشتر له‌ هێرشه‌كانى تر ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كى لایه‌نى عێراق هه‌بووبێ ئه‌وا به‌ ئاشكرا نه‌بووه‌ و  ئه‌گه‌ریش باسكرابێ ئه‌وا عێراق نكۆڵى لێكردووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین