دانا شوانی: پێویستە بە یاسا مافی توێژەرانی کۆمەڵایەتی دیاریبکرێت

سیهام میران-نوچەنێت

وەزارەتی پەرەوەردە پڕۆژە یاسایەکی 121 لاپەڕەیی بۆ پەرلەمان ناردووە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە.تێیدا باس لە کار و پیشەی توێژەری کۆمەڵایەتی دەکات بە ڕای سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان لە هەولێر، ئەو ماددانەی کە باسی توێژەری کۆمەڵایەتی تێدا کراوە پێچەوانەی کاری توێژەری کۆمەڵایەتییە لە قوتابخانەکان و پێچەوانەی بنەما پیشەیەکانیشە لە ئاستی دونیا.

 یەکێك لە بڕگەکانی پڕۆژە یاساکەدا هاتووە: دەکرێت دەرچوانی پەیمانگا و بەشەکانی تر وەکو توێژەر دابنێن، دانا شوانی، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان لە هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت دەڵێت" ئەمە برگەیەکی هەڵەیە چونکە توێژەری کۆمەڵایەتی پسپۆڕییە، کەسێک چوارساڵ خوێندویەتی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابی دەزانێت، کە دەرچووی بەشی تر دەهێنیت ناتوانێ لەم کارەدا سەرکەوتووبێت".

یەکێکی تر لەو رەخنانەی کە لەم پڕۆژە یاسایە هەیە، ئەوەیە کە مافەکانی توێژەری کۆمەڵایەتی تەنیا بە دوودێڕ دیاریکراوە دانا شوانی پێیوایە ئەرکی توێأەری کۆمەڵایەتی لەوە سەختترە"دەمانەوێت لەو رەشنوسی پرۆژە یاسایەدا یەکەم/ مافەکانی توێژەر دیاربێت کە مافەکانی دیار نییە، دووەم/ ئەرکەکانی توێژەری کۆمەڵایەتی دیاربێت. لەتەواوی ئەو پرۆژە یاساییە ئەرکەکانی توێژەری کۆمەڵایەتی بە دوو دێڕ باسکراوە، لە کاتێکدا توێژەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک ئەرکی پەروەردەی و دەرونی هەیە لە قوتابخانەکاندا هەیە".

بە پێی ئاماری کۆمەڵەی کۆمەڵناسان لە هەولێر، لە کوردستان شەش هەزارو 800 قوتابخانەمان هەیە، تەنیا هەزارو800 قوتابخانە توێژەری کۆمەڵایەتی هەیە. نزیکەی پێنج هەزار قوتابخانە توێژەری کۆمەڵایەتییان نییە.

سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان ئەمە بە کارەسات ناودەبات" ئەمە گەورەترین کارەساتە لە سیستەمی پەروەردە. ئەگەر سەیر بکەین رێژەی خۆکوشتن لە قوتابخانەکان زیادبووە رێژەی دەستدرێژی و کێشە دەرونییەکانیش روو لەزیادی کردووە. بۆیە پێویستە هەموو قوتابخانەکان توێژەری کۆمەڵایەتییان هەبێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین