مەسرور بارزانی: دەبێ پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕاست بكرێتەوە

نوچە نێت

ئەمڕۆ شەممە (11-1-2025) کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، و بە میوانداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت. کۆبوونەوەکە تایبەتە بە مووچە، ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا.

مەسروور بارزانی لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند، "ڕەفتارێكی ستەمكارانە لە بەغداوە دژی خەڵكی كوردستان دەكرێ، دەبێت خەڵكی كوردستان لەم دۆخە ناخۆشە دەروونییە ڕزگار بكرێن". مەسروور بارزانی گوتیشی، "دەبێ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ڕاست بكرێتەوە". 

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوکردەوە ئەمە دەقەکەیەتی: 

ئەمڕۆ شەممە، 11ی 1ی 2025، كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، و بە میوانداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت. كە تایبەتە بە مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا.

ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و داتا و بەڵگەنامەی پێویست بۆ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆكردن تاكوو بەپێی تایمەتمەندی بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ پرسی نیشتمانیی و داكۆكیكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە و بودجەی هەرێم.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەكرێن كە بریتین لە: گوتەی وەزیری دارایی و ئابووری و ڕاپۆرتێك لە چوارچێوەی بەیانی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 و خشتەی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2024، هەروەها گوتەیەک لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، گوتەی وەزیری پلاندانان و خستنەڕووی زانیاری سەبارەت بە تەرخانكراوەكانی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان لە خشتەكانی یاسای بودجەی فیدراڵ، گوتەی هەریەك لە وەزیرانی كاروباری پێشمەرگە، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، سەبارەت بە خەرجنەكردنی شایستەی تەواوی ئەم وەزارەتە لەلایەن حكومەتی فیدراڵ، بەرەوپێشچوونەكانی جێبەجێكردنی تەواوی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر حكومەتی فیدراڵ بەتایبەت لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران. هەروەها كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و دانانی بەرنامەیەك بۆ چڕكرنەوەی هەوڵەكان و دانانی میكانیزمی هەماهەنگیی پێویست بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین