نیویۆرک تایمز: ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا ئامادەسازیی بۆ جەنگێکی سەخت دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

ڕووسیا بەردەوامە لە کۆکردنەوە و مۆڵدانی هێز و چەک و جبەخانەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا، کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمیز وەکوو ئامادەسازی بۆ "جەنگێکی ئێسکهاڕ" باسی دەکات.

نیویۆرک تایمز ڕووداوەکانی ئەمڕۆ وێنادەکات بە جەنگەکەی 2014 کە تێێدا سوپای ڕووسیا دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کرد لەناو خاکی ئۆکرانیا لە سەروبەندی لەسەرکارلادانی سەرۆک ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئۆکرانی و ئەمریکییەوە دەڵێت "شتێکی مەترسیدارتر ڕەنگە ڕووبدات" وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەگەری پەلاماری سەربازیی ڕووسیا بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا.

پێشووتر نیویۆرک تایمز لە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکییەوە گواستبوویەوە کە رووسیا 175 هەزار سەرباز و چەندین تانک و تۆپ و جبەخانەی سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا کۆکردووەتەوە، وەکوو ئامادەسازی بۆ هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا.

  لای خۆیەوە  ئۆلیکسی ریزنیکۆڤ وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا هەینی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ڕووسیا بەردەوامە لە کۆکردنەوە و مۆڵدانی ‌هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا و لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا ئامادە دەبێت بۆ جەنگ.

ریزنیکۆڤ لە وتەکەیدا لە بەردەم پەڕلەمانی وڵاتەکەی وتی "کاتی هەرە ڕێتێچوو  بۆ هێرشەکەی ڕووسیا لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دەبێت".

لە بەرامبەردا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین وتی کە ئەوە ئۆکرانییەکان و پشتیوانە ئەمریکییەکانیان و ئەوروپای ڕۆژئاوان کە هانی سەرهەڵدانی شەڕ دەدەن، ئاماژەشی کردبوو ب "هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر ڕووسیا" و لەنێوانیاندا مانۆڕەکانی ناتۆ لە دەریای ڕەش.

وەکو ڕۆژنامەکە دەڵێت سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمریکا کە لە ئەگەری هێرش کردندا گەمارۆی دەخاتە سەر، هیچ گۆڕانێک لە هەڵسوکەوتەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا نەگۆڕاوە، بە جۆرێک سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە سەنگەرلێدان.

نیویۆرک تایمز دەڵێت سەربازانی ئۆکرانیا ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ بەرگری و لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان، بەڵام بۆ ئێستا فەرمانیان پێکراوە ئەگەر تەقەشیان لێبکرێت، وەڵام نەدەنەوە مەگەر زۆر پێویست بێت.

هەرچی جەنەراڵ ئەلیکسەندەر پاڤیلۆک، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی ئۆکرانیایە کە دژی جوداخوازان دەجەنگێن، بە ڕۆژنامەکەی وتووە کە ئەگەر هێرشێکی گەورەی ڕووسیا ڕووبدات، ئەوە هێزەکانی ئۆکرانیا ناتوانن ببنە بەربەست لە بەردەم سوپای ڕووسیادا، ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەت یارمەتییان نەدەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین