چین لە زەریای ئەتڵەسیدا بنکەی هەمیشەیی سەربازی دەکاتەوە و ئەمریکا زەنگی مەترسی لێدەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

پلانی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی چینی لە کەناراوەکانی ئەفریقا و لەسەر زەریای ئەتڵەسی و لە بەرامبەر خاکی ئەمریکا، دەبێتەهۆی دڵەڕاوکێ لە ناوەندە سەربازی و سیاسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

چەند ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە چین بە نیازی دروستکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی سەربازییە لەسەر زەریای ئەتڵەسی و لە وڵاتی گینیای کەمەرەیی کیشوەری ئەفریقا، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە دووشەممە 6ی کانوونی یەکەم لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە.

ڕۆژنامەکە دەڵێت بەرپرسان ڕەتی دەکەنەوە درێژەی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییە ئەمریکییانە ئاشکرا بکەن کە بە "نهێنی" دیاری کراون.

بەرپرسەکان وتوویانە ڕاپۆرتەکان باس لە ئەگەری ئەوە دەکەن کەشتییە سەربازییە چینییەکان بەم هۆیەوە دەتوانن لە بنکەکەدا دووبارە خۆیان نوێ بکەنەوە و پڕچەک بکرێنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکادا، کە وەکوو ڕۆژنامەکە دەڵێت "ئەوەش هەڕەشەیەکە، دەبێتە زەنگی ئاگاداری لە کۆشکی سپی و پەنتاگۆن".

ئەمەش دوای ئەوە دێت ماوەی پێشوو مێدیا ئەمریکییەکان ئاماژەیان بە پڕۆژەیەکی چینی کرد بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی چینی لە ئیمارات، کە بووەهۆی دروستکردنی قەیرانێکی "بێدەنگ" لەنێوان واشنتن و ئەبوزەبی و دواتر ڕاپۆرتەکان جەختیان کردەوە کە بەهۆی فشاری ئەمریکاوە پڕۆژەکەی چین لەو وڵاتە وەستێنراوە.

دەبێ بڵێین لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، جەنەراڵ ستیڤن تاونسەند، فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەفریقا بە ئەنجوومەنی پیرانی وت کە هەڕەشەی هەرە گەورەی چین بۆ سەر ئەمریکا ئەوەیە دامەزراوەیەک لە کیشوەری ئەفریقا و لەسەر کەناراوەکانی زەریای ئەتلەسی دروست بکات کە لە ڕووی سەربازییەوە گرنگ بێت.

لە درێژەی وتەکانیدا هەروەها وتبووی "کە دەڵێم لە ڕووی سەربازییەوە گرنگ بێت، مەبەستم لەوەیە شوێنێک بێت تەنها بۆ لەنگەرگرتنی کاتی و پڕکردنەوەی سووتەمەنی نەبێت، بەڵکو بەندەرێک بێت تێیدا بتوانن پڕچەک بکرێنەوە و شوێنی چاککردنەوە و نوێکردنەوە بێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین