دەریای ڕەش.. گۆڕەپانی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ڕووسیا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت – ئەلعەین

ئەگەر دەریای باشووری چین مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و چین بێت لە ناوچەی ئیندۆپاسیفیک دا، ئەوە ناوچەی هاوتای ئەو دەریایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ڕوسیادا دەریای ڕەشە.

ئەم دەریایە گرنگییەیکی جیۆ ستراتیجی هەیە بۆ ڕووسیا، بەهۆی جێگا ستراتیجییەکەیەوە کە کەوتووەتە سەر سێ ڕێیانی ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بەهۆی دەریای سپییەوە بەستراوەتەوە بە زەریای ئەتڵەسییەوە و لە ڕێگەی تەنگەی کیرچ بەستراوە بە دەریای ئازۆڤ. ئەمانەش دەریای ڕەش دەکەنە خاڵی پێک گەیشتی چەندین ڕێرەوی ئابووری و سەربازی.

دەریای ڕەش 1175 کیلۆمەتر درێژە و شەش وڵاتی لەسەرە، کە بریتین: ڕووسیا، تورکیا، بولگاریا، ڕۆمانیا، ئۆکرانیا و جۆرجیا. هەروەها ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە، سەدان کەشتی ڕۆژانە و بەشیوەیەکی ڕێکخراو پێیدا تێپەڕ دەبن، لە قووڵاییەکەشیدا دەیان بۆریی نەوت و گاز و کێبڵی فایبەرئۆپتیک تێپەڕ دەبن، ئەوە جگە لەوەی خاوەن یەدەگێکی زەبەلاحی نەوت و گازە.

ئەوەی گرنگیی ئەم دەریایەی بۆ ڕووسیا زیادکردووە، ئەوەیە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوی کەشتییەکانی بەرەو ڕووبەرە ئاوییە گەرمەکان و تاکە دەروازەی ڕوسیایە بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست و ڕێگای گواستنەوەی بازرگانیی ڕووسیا بۆ ئەوروپا، بە تایبەت بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی کە ئەوروپای ڕۆژئاوا زیاتر و زیاتر پشت بە ڕووسیا دەبەستن بۆ دەستخستنی.

بۆیە دەریای ڕەش بە هێڵی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوە دادەنرێت لەنێوان ڕوسیا لەلایەک و ئەمریکا و ناتۆ لەلایەکی دی. یەکێک لەو دیاردەکانی ئەوەش لە مانگی حوزەیرانی 2021 دا بوو، کاتێک کەشتیی سەربازیی "دیفێندەر"ی بەریتانی بە نزیک لەناراوەکانی نیوە دورگەی کریمیادا تێپەڕی، ڕووسەکانیش بە تەقەکردنی ئاگادارکەرەوە و هەڵدانی بۆمب بۆ ڕێڕەوەکەیان وەڵامیان دانەوە.

بەریتانیا بەوە بەرگریی لە کارەکەی کرد کە کەشتییەکەیان بە سنوری دەریایی ئۆکرانیادا تێپەڕ بووە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەی بەریتانیا دان بە یاساییبوونی دەستبەسەرداگرتنی نیوەدورگەی کریمیادا نانێت لەلایەن ڕووسیاوە و بەم پێیەش سەرپێچیی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی و دەریاوانیی نەکردووە. کەچی ڕووسیا گوتی ئەو کارە پێشێلکردنی سەروەریی ڕوسیایە بەسەر سنوورە ئاوییەکانییەوە، بەو پێیەی ڕووسیا نیوە دورگەی کریمیا بە بەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت.

لە مانگی تەمموزیش ناتۆ مانۆڕێکی سەربازیی ئەنجامدا بە بەشداریی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکە، ئەوەش پاڵی بە ڕووسیاوە نا مانۆڕی خۆی ئەنجامبدات بۆ سەلماندنی پێگەی سەربازیی ڕووسیا لە ناوچەکەدا. جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش وتی وڵاتەکەی دوو دڵ نابێت لە بەرگریکردن لە مافە هەرێمییەکانی بە هەموو ڕێگاکان لە ناویشیاندا بە ڕێگای هێزی سەربازی، هۆشداریشی بە بەریتانیا و ئەمریکادا کە سەرکێشیی بێمانا نەکەن. مانگی نۆڤەمبەر ئەم هەڵویستە بەشێوەیەکی توندتر دووبارە بووەوە، کاتێک ناتۆ مانۆڕی سەربازیی دەریایی لە دەریای ڕەشدا ئەنجام دا، سەرۆک پووتین ئەو کارەی وەکو هەراسانکردن و ئاڵنگارییەکی مەترسیدار پێناسە کرد. دوا جاریش کە ئەمریکا و بەریتانیا لەم بابەتەدا تۆمەتیان ئاڵوگۆڕ کرد دەرهەق بە یەکدی، لە سێشەممە 30ی نۆڤەمبەردا بوو.

لە ئاسمانی دەریای ڕەشیشەوە، فڕۆکەکانی ئەمریکا بەشێوەی ڕێکخراو فڕینی زانیاری کۆکردنەوە ئەنجامدەدەن تاوەکو بزانن لە بەری ڕووسیی دەریاکەوە چی ڕوودەدات، ڕوسیاش بە خێرایی بەرپەرچی ئەمە دەداتەوە بەوەی بە فڕۆکەی سوخۆی 35 شوێنیان دەکەوێت و لیان نزیکدەبێتەوە کە نوێترین تەکنۆلۆجیای فڕۆکەی سەربازیی ڕووسییە.

ڕووبەڕووبوونەوەکە تەنیا لە دەریا و ئاسمانەوە نییە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ سنووری وشکانیش لەسەر سنووری زەمینیی ڕووسیا – ئۆکرانیا کە درێژاییەکەی 1576 کیلۆمەترە. لەوێدا ڕووسیا لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەنی 2021 ەوە نزیکەی سەد هەزار سەربازی کۆکردووەتەوە لەسەر سنوری خۆی و ئۆکرانیا، ئەمریکاش سەرکۆنەی سیاسەتی هەڕەشەی سەربازی دەکات کە ڕوسیا بەکاری دەهێنێت بۆ نانەوەی ناسەقامگیری و فشاردانان لەسەر ئۆکرانیای دۆستی ڕۆژئاوا.

لە بەرامبەردا ڕووسیا دەڵێت کۆکردنەوەی ئەو هێزە سەربازییانە، جووڵاندنی هێزە لەناو سنوری وڵاتەکەیدا نەک لەناو وڵاتی دیکە، بۆ بابەتی ناسەقامگیریش لەو ناوچەیە ڕووسیا دەڵێت ئەوە بەهۆی پابەند نەبوونی ئەمریکا و ناتۆیە بەو لێکتێگەیشتننامانەی لەنێوان هەردوولا (ڕووسیا و ڕۆژئاواییەکان) لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت ئەنجامدران لە 1991، کە دیارترینیان ئەوە بوو ناتۆ ئەو وڵاتانە نەخاتە چوارچێوەی خۆی کە دراوسێی ڕووسیان، چونکە ڕووسیا ئەو کارە وەکوو هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەبینێت بۆ سەر ئاساییشی نیشتیمانیی خۆی.

لە ڕاستیدا، ڕوسیا دوای گێڕانەوەی ڕەگەزەکانی هێزی خۆی لە سەردەمی پووتیندا، هەوڵی دا جێ پێی خۆی لەسەر دەریای ڕەش بەهێز بکات، لەگەڵ فشاردانان لەسەر ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە سەر بە ڕۆژئاوان، بۆ نموونە کاتێک جۆرجیا ویستی هێرشبکاتە سەر هەردوو هەرێمی زۆرینە ڕووسی ئۆسیتیای باشوور و ئەبخازیا، ڕووسیا دەستێوەردانی سەربازی کرد و نەیهێشت جۆرجیا هێرش بکات و هەردوو هەرێمەکەشی کرد بە دەوڵەتی سەربەخۆ!

لە نێوەندی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئۆکرانیا و لەسەرکارلادانی سەرۆک یانکۆڤیچی سەر بە ڕووسیاش، سەرۆک پووتین بڕیاری دا نیوە دورگەی کریمیا بخاتە ناو سنووری ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا، دوای ئەوەش دەستی کرد بە دروستکردنی فڕگەی فڕۆکەی سەربازی و وێستگەی ڕادار لەسەر شاخەکان بۆ چاودێریی وردی کەشتییەکانی ناتۆ لە ناوچەکە، هەروەها یەکەی سەربازیی هەشتەمی بۆ ناوچەی دەریای ڕەش دامەزراند.

 

بەهۆی هەموو ئەو هۆکارانە، ئەمریکا و ناتۆ دەریای ڕەش بە گۆڕەپانێکی گرنگ دادەنێن بۆ سنووربەندکردنی ڕووسیا و فشاردانان لەسەری، چونکە ئەنجامی ململانێ لە دەریای ڕەشدا کاردەکاتە سەر ئاساییشی دەریای ناوەڕاست و ئاساییشی ئەوروپا.

بەڵام شوێنکەوتنی ئەم سیاسەتەش سنوری خۆی هەیە، چونکە واشنتن دەزانێت ئیدارەدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەریەکە لە چین و ڕووسیا لە هەمان کاتدا ناچێتەسەر، و پێویست ناکات ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکە بگەیەنێتە خاڵی سەرهەڵدانی جەنگی گەرم لەنێوان واشنتن و مۆسکۆ.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئەلعەین

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین