حكومه‌تى عێراق بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى تایفه‌گه‌رى كۆده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى رووداوه‌كانى دیاله‌، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات و شاندێكى باڵاى ئه‌منیش سه‌ردانى دیاله‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى رێگریى له‌ شه‌ڕى تایفه‌گه‌ريى بكرێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 28ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" شاندێكى ئه‌منى كه‌ پێكهاتبوو له‌ قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق، عوسمان غانمى وه‌زیرى ناوخۆ، ئیڤان فایق وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌ران، عه‌بدولئه‌میر یاره‌ڵا سوپاسالارى عێراق سه‌ردانى دیاله‌یان كرد.

سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ ئاشكراى كردووه‌، ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ سنوورێك بۆ گرژییه‌كانى دیاله‌ دابنرێت و رێگه‌نه‌درێت بۆ ئاستى شه‌ڕى تایفه‌گه‌رى به‌رزببنه‌وه‌. هاوكات ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى وه‌زاره‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى كرد.

به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران، كازمى كۆمه‌ڵێك رێنمایى ده‌ركرتووه‌، له‌وانه‌ له‌رووى هه‌واڵگرییه‌وه‌ كۆشش بكرێت، هه‌وڵه‌كانى نانه‌وه‌ى ئاژاوه‌ى تایفه‌گه‌رى ئاشكرا بكرێن.

ئێواره‌ى سێشه‌ممه‌ى رابردوو رێكخراوى تیرۆریستى داعش هێرشى كرده‌ سه‌ر گوندێكى شیعه‌ له‌ سنوورى دیاله‌، له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌كه‌ 32 كه‌س به‌ كوژراو و بریندار بوونه‌ قوربانى، شه‌وى رابردوو كه‌سوكارى قوربانییه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندێكى سوننه‌، چه‌ندان كه‌سیان كرده‌ قوربانى. ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و چاودێرانى سیاسیش ئه‌مه‌ به‌ زه‌نگى مه‌ترسیدارى تایفه‌گه‌رى ده‌زانن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین