حكومه‌ت و په‌رله‌مانى داهاتوو  له‌سه‌ر ئاراسته‌یه‌كى كازمى ده‌ڕۆن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ له‌ عێراق، ئه‌و په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌ى كه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دێنه‌كایه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌سه‌ر ئاراسته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى ده‌ڕۆن. به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ پارتى و ره‌وتى سه‌در و هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم كه‌ براوه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ڵبژاردنه‌كان مكوڕن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى عێراق په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌هێز بێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ كاریگه‌رى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى 10ى تشرین له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى عێراق و وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌كات و ده‌پرسێ، "چۆن ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى عێراق كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسیه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ى ده‌بێت؟".

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كورت بوو، به‌ڵام توانى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى دروست بكات له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، "رێبازى ئاشتبوونه‌وه‌ و كارلێكردن له‌گه‌ڵ قووڵایى ستراتیژى عه‌ره‌بى بۆ عێراق، كه‌ حكومه‌تى كازمى وێراى كورتى ته‌مه‌نى په‌یڕه‌وى كرد، به‌ڵام له‌ خاكى عێراق  چه‌ندان راستى و رووداوى كه‌ڵه‌كه‌ كردووه‌، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ لێیان زه‌حمه‌ته‌ له‌لایه‌ن هه‌ر حكومه‌تێكه‌وه‌ بێت".

دواتر باس له‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌كات، پێیوایه‌ ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ پارێزگاریى له‌و سیاسه‌ته‌ بكرێت كه‌ كازمى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب په‌یڕه‌وى كردووه‌، چونكه‌ سێ براوه‌ یه‌كه‌مه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردن كه‌ بریتین له‌ رەوتی سه‌در و هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم و پارتى هه‌ر سێكیان مكوڕن له‌وه‌ى عێراق په‌یوه‌ندییه‌كى باشى له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌بێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "له‌گه‌ڵ بردانه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در و كورد و هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم، كه‌ ئه‌و سێ لایه‌نه‌ سێكوچكه‌ى عێراق ده‌نوێنن، به‌ په‌یوه‌ندییه‌كى تایبه‌ت و باش له‌گه‌ڵ پانتایى عه‌ره‌بى ناسراون، مكوڕ ده‌بن له‌سه‌ر كاراكردنى كه‌ناڵەكانى هاوكارى و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر سیاسه‌تى حكومه‌تى مسته‌فا كازمى".

رائید عه‌زاوى كه‌ مامۆستاى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، په‌رله‌مانى ئه‌م جاره‌ى عێراق زۆر جیاواز ده‌بێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ فراوانترین ده‌روازه‌ چه‌ندان رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى بكات. چاودێران له‌ راپۆرته‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر گرنگى په‌یوه‌ندى وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سنوورداركردنى هه‌ژموونى ئێران له‌م وڵاته‌دا.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین