به‌شداربووانى كۆنگره‌ى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ له‌ میدیاكانى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌حر كه‌ریم تائى كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌شداربووانى كۆنگره‌ى "ئاشتى و گێڕانه‌وه‌" كه‌ تێیدا داواى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى عێراق و ئیسرائیل كرا، له‌ كاره‌كه‌ى له‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى عێراق دوور ده‌خرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ى ئه‌یلوول له‌ میدیاكانى عێراق نووسراوێكى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ واژووى حه‌سه‌ن نازمى وه‌زیرى رۆشنبیرى له‌سه‌ره‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌ دوورخستنه‌وه‌ى سه‌حر كه‌ریم تائى كراوه‌، گوایه‌ پێشێلى یاساى رێكخستنى  فه‌رمانبه‌رانى كردووه‌.

به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌كه‌ بێت بڕیاره‌كه‌ دوێنێ 29 ى ئه‌یلوول ده‌رچووه‌، پێشتریش له‌ 25 ى مانگ لیژنه‌ له‌سه‌ر سه‌حر كه‌ریم پێكهاتووه‌، كه‌ له‌ ده‌سته‌ى گشتى شوێنه‌وار به‌ ناونیشانى "توێژه‌رى پێشكه‌وتوو" فه‌رمانبه‌ره‌.

رۆژى 28 ى ئه‌م مانگه‌ بڕیارى گرتنى سێ به‌شداربووى كۆنگره‌ى "ئاشتى و گێڕانه‌وه‌" له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌ عێراق ده‌رچوو. پێشتر له‌ راپۆرتێكى نوچه‌نێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق ئیسرائیلى وه‌ك دوژمن و نه‌یار نه‌ناساندووه‌، ناتوانرێت ئه‌و كه‌سانه‌ سزا بدرێن.

وه‌ك تێبینى ده‌كرێت له‌ نووسراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى به‌گوێره‌ى یاساى رێكخستنى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى كه‌ له‌ ساڵى1991 ده‌رچووه‌، سه‌حر تائى سزا دراوه‌.

رۆژى هه‌ینى رابردوو 24ى ئه‌یلوول له‌ هه‌ولێر كۆنگره‌یه‌ك به‌ به‌شداربووى 300 كه‌سایه‌تى عێراق به‌ڕێوه‌چوو داواى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان عێراق و ئیسرائیل كرا. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ دوو راگه‌یێندراوى جیاواز به‌دووریان خسته‌وه‌ ناوه‌ڕۆكى په‌یامى كۆنگره‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كورد و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین