حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق بیرۆكه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى ئه‌وه‌ى چه‌ندان كه‌سایه‌تى عێراقى پێشنیارى بیرۆكه‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى عێراقیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل پێشنیار كرد، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق و چه‌ندان لایه‌نى شیعه‌ دژى بیرۆكه‌كه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25 ى ئه‌یلوول حكومه‌تى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا دژى ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى هه‌ولێر له‌ لایه‌ن كه‌سایه‌ته‌ عه‌شایه‌رى و سیاسى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل پێشنیار كراوه‌، حكومه‌تى عێراق به‌ستنى كۆنگره‌كه‌ به‌ "نایاسایى" ده‌زانێت و پێیوایه‌ ئه‌وه‌ى پێشنیاركراوه‌ له‌ رووى ده‌ستوورییه‌وه‌ شایه‌نى قبوڵكردن نییه‌.

حكومه‌تى عێراق دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ى روونه‌ و له‌گه‌ڵ گه‌لى فه‌ڵه‌ستین دایه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ بێت و "قودس پایته‌خته‌كه‌ى بێت".

هاوكات سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراقیش راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و پێیوایه‌ بیرۆكه‌ى ئاسایيكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ رووى یاسایى و نیشتیمانییه‌وه‌ له‌ عێراق ره‌تده‌كرێته‌وه‌. دووپاتیش له‌سه‌ر پاڵپشتى فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ده‌كاته‌وه‌. هاوشێوه‌ى حكومه‌ت، سه‌رۆكایه‌تى كۆمار پێیوایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ كۆنگره‌كه‌ به‌شداربوون نوێنه‌رایه‌تى شاره‌كانیان ناكه‌ن.

دوێنێ له‌ هه‌ولێر كۆنگره‌یه‌كى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى به‌ به‌شدارى چه‌ندان فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى ده‌سه‌ڵاتى پێشوو و كه‌سایه‌تى به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا تاوتوێى بیرۆكه‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرا، جگه‌ له‌ دوو سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح و ره‌وتى سه‌در و ره‌وتى حیكمه‌ به‌یاننامه‌ى ناڕه‌زییان له‌ دژى بیرۆكه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین