وه‌زیرى به‌رگرى ئیسرائیل سه‌رچاوه‌ى درۆنى میلیشیاكانى عێراق ئاشكرا ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

بێنى گانتس وه‌زیرى به‌رگرى ئیسرائیل ئاشكراى ده‌كات، ئێران بنكه‌یه‌كى له‌ كاشان هه‌یه‌ بۆ مه‌شقكردنى به‌كارهێنانى درۆنه‌كان، میلیشیاكانى شیعه‌یش له‌ عێراق هه‌ر ئه‌و درۆنانه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا به‌كارده‌هێنن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى ئه‌یلوول بێنى گانتس وه‌زیرى به‌رگرى ئیسرائیل له‌ میانه‌ی ئاماده‌بوونى له‌ كۆنگره‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر رێكخرا بوو، باسى له‌ سه‌رچاوه‌ درۆنه‌كانى ئێران كرد و گوتى، "یه‌كێكن له‌و ئامرازه‌ گرنگانه‌ى كه‌ ئێران پێشى خستووه‌".

گانتس ئاشكراى ده‌كات بنكه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ كاشان له‌ باكوورى ئه‌سفه‌هان هه‌ر له‌وێ مه‌شق بۆ چۆنیه‌تى به‌كارهێنانى ده‌كرێت و ده‌شڵێ، "درۆن بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كییه‌ بۆ تیرۆرى ئاسمانى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌".

دواتر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران له‌ یه‌مه‌ن و عێراق ئه‌و درۆنانه‌ى ئێرانیان هه‌یه‌ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ میلیشیاكانى شیعه‌ له‌ عێراق ده‌یان درۆنیان هه‌یه‌ هه‌ر به‌و درۆنانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا.

له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌ درۆن چه‌ندان هێرش له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان، ته‌نانه‌ت شه‌وى رابردوو به‌ دوو درۆنى بۆمبڕێژكراو هێرشكرایه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر به‌ڵام هیچ زیانێكى گیانى و ماددى نه‌بوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین