تا ئێستا چه‌ندان سه‌رۆك وه‌ڵامى بانگهێشتنامه‌كه‌ى كازمییان نه‌داوه‌ته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژێك بۆ به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ى به‌غدا بۆ وڵاتانى دراوسێ ماوه‌، كه‌چى تا ئێستا ته‌نیا سێ وڵات ئاماده‌یى به‌شداربوونیان نیشان داوه‌ كه‌ ته‌نیا یه‌كێكیان دراوسێى عێراقه‌، له‌به‌رانبه‌ریشدا چه‌ندان سه‌رۆك وه‌ڵامى بانگهێشتنامه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24ى ئاب، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، راپۆرتێكى له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى عێراق بۆ نزیككردنه‌وه‌ى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ له‌ یه‌كتر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌نجامه‌كانى له‌ كۆنگره‌ى وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ له‌ كۆتایى ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌غدا ده‌ربكه‌وێت.

له‌ به‌شێكى راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ تا ئێستا ته‌نیا سێ بانگهێشتكراو ئاماده‌ییان نیشان داوه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌ى به‌غدا به‌شدار بن، ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا و عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى میسر و شاى عه‌بدوڵاى دووه‌مى شاى ئوردنه‌.

جگه‌ له‌وانه‌ بانگهێشتنامه‌ بۆ چه‌ندان سه‌رۆكى تر ره‌وانه‌ كراوه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان دووپاتیان له‌سه‌ر ئاماده‌بوونى خۆیان له‌ كۆنگره‌كه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش رێبه‌رانى هه‌ر یه‌كه‌ له‌و وڵاتانه‌ن: ئێران، توركیا، سعوودیه‌، كوێت، ئیمارات، قه‌ته‌ڕ.

هه‌ر چه‌نده‌ كۆنگره‌كه‌ به‌ ناوى وڵاتانى دراوسێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌چى به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى سه‌ره‌وه‌، تا ئێستا له‌ شه‌ش دراوسێیه‌كه‌ى عێراق ته‌نیا ئوردن به‌ڵێنى به‌شداریكردنى داوه‌، كه‌چى سووریا بانگهێشت ناكرێت و دڵنیاییش له‌باره‌ى ئه‌وانى تر نییه‌.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئێران و سعوودیه‌ له‌و كۆنگره‌یه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆ ببنه‌وه‌ ئه‌وا به‌ رووداوێكى گرنگ داده‌نرێت بۆ عێراق، له‌وه‌ى له‌ نزیكبوونه‌وه‌ى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ رۆڵى هه‌بووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین