شەڕی بە وەکالەتی رووسیا و ئێران ئەمریکای ماندوو کردووە وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئەمریکا رووبەڕووی جەنگی بە وەکالەت بووەتەوە، بە تایبەت لە لایەن ئێران و رووسیاوە و لە رێگای گرووپ و رێکخراوی ئەوتۆوە کە ناڕەسمی و نا نیزامین، بەڵام توانای ئەوەیان هەیە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنن لە ناوخۆ یان دەرەوەدا.

هێزه‌ به‌كرێگیراوه‌كانى رووسیا و ئێران
ده‌توانن زه‌برى گه‌وره‌تر له‌ ئه‌مریكا بده‌ن

هال باندز، شرۆڤەکاری ستراتیجیی ئەمریکی و پڕۆفیسۆر لە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جۆن هۆپکینز، دەڵێت هێرشە مووشەکییەکانی میلیشیا شیعەکان دژ بە ئەمریکا لە عێراق لەلایەک و هێرشی ئەلیکترۆنی باندەکانی ئینتەرنێت لە رووسیاوە بۆ سەر دامەزراوە ئەمریکییەکان و بەکارهێنانی تاقمی جۆراوجۆری شەڕکەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن رووسیاوە دژ بە ئەمریکا، هەموویان بریتین لە ئاراستەیەکی نوێ کە دژبەرانی ئەمریکا بەکاریان دەهێنن بۆ فشاردانان لەسەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی.

باندز لە شیکارییەکەیدا، کە لە ماڵپەڕی بلومبێرگدا بڵاوبووەتەوە، دەڵێت شەڕی بە وەکالەت لە دێرزەمانەوە هەر هەبووە و شێوەی جیاجیای وەرگرتووە، بۆ نموونە لە مێژوودا وڵاتان پشتیان بەستووە بە چەتە دەریاییەکان تاوەکو هێرش بکەنە سەر هێزی كەشتیوانیی بەرانبەر و تاڵانیان بکەن و پێداویستی و جبەخانەکانیان کەم و لاواز بکەن.

هەروەک لە جەنگی ساردیشدا هەریەک لە ئەمریکا و سۆڤیەت پشتیان بە یاخیبووان و میلیشیاکان و چالاکانی دیکەی نانیزامی بەستووە بۆ زیانگەیاندن بە لایەنی بەرانبەر. هەر ئەمریکا خۆیشی بۆلەناوبردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو داعش لە عێراقدا پشتی بە رێکخستنە نانیزامییەکان بەستووە بۆ لەناوبردنی مەترسیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و پارێزگاریکردن لە مانەوەی ئەمریکا لە سووریا و عێراقدا.

هەر ئەمریکا خۆیشی بووەتە ئامانجی ئەم جۆرە جەنگانە. ئەوەتا ئێران هانی میلیشیا شیعەکان دەدات و چەکدارییان دەکات بۆ لێدان لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراقدا  لە رێگای مووشەکبارانکردن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ئەوەش وەک بەشێک لە ستراتیجییەتی فراوانتری ئێران لە شەڕی بە وەکالەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

رووسیاش هەم کەڵک وەردەگرێت لە رێکخراوە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی لە سووریا، هەم گرووپە تاوانکارە ئەلیکترۆنییەکان لە رووسیاوە هێرشی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدەن دژ بە دامەزراوە گرنگ و ژێرخانییەکانی ئەمریکا.

ئەمریکا سەرنجەکانی پەرتن کەچی  رووسيا و ئێران سەرنجەکانیان دیاریکراون

 

لە دیارترین ئەو هێرشانەش، هێرشی چەتە ئینتەرنێتییە رووسییەکان بوو بۆ سەر بۆریی نەوتیی ستراتیجیی کۆلۆنیاڵ پایپلاینی ئەمریکا، کە بووە هۆی وەستانی هاتوچۆی نەوت بەناو تۆڕەکانیدا. هەرچەندە روون نییە ئەم چەتانە تا چەند پەیوەندییان بە حکومەتی رووسیاوە هەیە، بەڵام حکومەتی پوتین ئامادە نەبوو رێكاريى لە دژیان بگرێتەبەر تاوەکو لەو دڵنیا نەبێت لەوەی وەها کارێک لە بەرژەوەندیی رووسیایە.

شەڕی بە وەکالەت لەوەدا بۆ وڵاتان سەرنجڕاکێشە کە تا رادەیەک ئاسانە و بە ئاسانیش دەتوانن خۆیان بدزنەوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە بەرانبەریان.

بۆ نموونە ئێران دەتوانێت میلیشیا شیعەکان بەکاربهێنێت بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا لە عێراق یان دەستخستنی دەستکەوتی زیاتر لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی، بێئەوەی پێویست بەوە بکات سەرکێشی بکات و راستەوخۆ هێرشبکاتە سەر گەورەترین هێزی جیهان.

هەروەک چەتە ئینتەرنێتییەکان دەتوانن تەنگژە لەناو ئەمریکادا دروست بکەن بێئەوەی دەستی کریملین دەربکەوێت لەو زەبرانەی بە ئەمریکا دەگەن.

لەبەرئەوەش کە نە ئێران و نە رووسیا بە فەرمی ئەو هێرشانە ناگرنە ئەستۆ کە دەکرێنە سەر توانا و بەرژوەندییەکانی ئەمریکا، ئاسان نییە ئەمریکاش بەو هۆیەوە سزای قووڕسیان بەسەردا بسەپێنێت.

بەمجۆرە هێرشە بەوەکالەتەکان دەرگا دەکەنەوە لە بەردەم دژبەرانی ئەمریکا کە لە سنوورێکی دیاریکراودا فشار بخەنە سەر ئەمریکا، ئەوەش لە سیاسەتدا بە شێوازی (خۆڵەمێشی) ناسراوە و تێیدا هەوڵ دەدەیت بێئەوەی جەنگ بکەیت فشار لەسەر بەرانبەرەکەت دابنێیت. دووریش نییە سەرکەوتنی ئەم شێوازانە وا بکات ئەو وڵاتانە بیر لە زەبری گەورەتر بکەنەوە لە رێگای شەڕی بە وەکالەتەوە دژ بە ئەمریکا، بۆ نموونە هێرشی ئەلیکترۆنیی گەورەتر و جەنگی سەربازیی گەورەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

براندز، کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراشە لە مێژوو لە زانکۆی یەیل لە ئەمریکا، دەڵێت مەرج نییە تۆڵەکردنەوە لە سەرانی هێرشەکان هەموو کات ئامانج بپێکێت، بۆ نموونە ئەمریکا قاسم سولەیمانی کوشت، کەچی پاش ماوەیەکە کورت میلیشیا شیعەکان دەستیان بە هێرشی راستەوخۆ کرد بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق.

شرۆڤەکارە ئەمریکییەکە دەڵیت بنەڕەتی کێشەکە ئەوەیە کە ئەمریکا سەرنجەکانی پەرتن، کەچی  رووسيا و ئێران سەرنجەکانیان دیاریکراون، ئەمریکا لەوەدا پەرتە که‌ پێی ناکرێت خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و رووسیا و دەبێت سەرنجی زیاتری لەسەر چین بێت.

سه‌رچاوه‌ : ئه‌هرام

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین