هێزه‌كه‌ى نزیك ماڵى لاهور شێخ جه‌نگى نیگه‌رانى دروست كردووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كى گردى سه‌رچنارى سلێمانى له‌ نزیك ماڵى لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى چه‌ند هێزێكى ئه‌منى بڵاویان پێكراوه‌ و ئه‌مه‌یش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نیگه‌رانى دروست كردووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ى ئاب، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ ماڵپه‌ڕه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ هێزێكى ئه‌منى له‌ گه‌ڕه‌كى گردى سه‌رچنار له‌ نزیك ماڵى لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى بڵاویان پێكراوه‌. ماڵپه‌ڕى رووداو نووسویه‌تى، "ئەو هێزانە چەند بازگەیان داناوە و لە شۆفێران دەپرسن و بە شوێن چەکی بێمۆڵەتدا دەگەڕێن".

تا ئێستا به‌ فه‌رمى هیچ روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هێزانه‌ نه‌دراوه‌، به‌ڵام ده‌گوترێت له‌ هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایش و هێزى ئه‌منى تر پێكهاتوون.

په‌یجێكى سه‌ربه‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ناوى "puk" نووسیویه‌تى، "رێگه‌ به‌ گردبوونه‌وه‌ و خۆنمایشكردنى هێزى میلیشیا نادرێت و سلێمانى بێ خاوه‌ن نییه‌، هه‌ر كه‌س به‌ چه‌كه‌وه‌ بچێته‌ به‌رده‌م ماڵى لاهور شێخ جه‌نگى ده‌ستگیر ده‌كرێت".

له‌به‌رانبه‌ردا په‌یجێكى تر گوایه‌ سه‌ربه‌ لاهور شێخ جه‌نگییه‌ ده‌ڵێ، "كێ ده‌وێرێ با تواناى خۆى تاقى بكاته‌وه‌".ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ باس له‌ بوونى چه‌كدار ده‌كرێت له‌ به‌رده‌م ماڵى لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى.

ئه‌مه‌یش نیگه‌رانییه‌كى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروست كردووه‌، له‌ مه‌ترسى ئه‌وه‌ى به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان هێزه‌كان دروست بێت.

له‌ هه‌شتى ته‌مووزى ئه‌مساڵه‌وه‌ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى دروست بووه‌ و تا ئێستا به‌رده‌وامى هه‌یه‌، وێراى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى لاهور شێخ جه‌نگى به‌ بافڵ تاڵه‌بانى دراوه‌، هه‌ر دوو لا سكاڵایان له‌ دژى یه‌كتر تۆماركردووه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین