تاڵیبان ده‌ستى به‌ كوشتنى دیله‌كان كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، لە راپۆرتێکدا کە لە لایەن سێ رۆژنامەنووسەوە ئامادە کراوە، شێوازی کوژرانی ٢٢ کۆماندۆی ئەفغانی لە کاتی گەمارۆدان لە لایەن چەکدارانی تاڵیبان و لە کاتی خۆبەدەستەوەدانیان بڵاو کردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردەوە، نووسەرانی ئەو راپۆرتە کە گێڕانەوەکەی خۆیان لە ڤیدیۆیەکدا نمایش کردووە، بەو جۆرە دەستیان پێکردووە: دەنگێکی بەرز کە داوا لە کۆماندۆکان دەکات، خۆیان بە دەستەوە بدەن و دوای ئەوە، چەند کەسێک لەناو باڵەخانەیەکەوە دێنە دەرەوە و بە ئاشکرا دیارە کە چەکیان پێ نییە، بەڵام دەسڕێژیان دەکرێتە سەر. لانیەکم ١٢ کەس بەو جۆرە، دەکوژرێن.

ئەوە تەنیا بەشێکە لە رەشکوژیی بێبەزەییانەی کۆماندۆکان بە دەستی تاڵیبان، کە لەو ڤیدیۆیەدا نیشان دراوە، چونکە سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا کوژران، زیاتر لە بیست کەس بوون.

قوربانییان، ئەندامی یەکەیەکی تایبەتی هێزەکانی حکومەتی ئەفغان بوون. ئەو رەشکوژییە بێبەزەییانە، لە شاری دەوڵەتئاوای سەر بە ویلایەتی فاریاب لەنزیک سنوورەکانی ئەفغانستان و تورکمەنستان رووی داوە.

سی ئێن ئێن لەو راپۆرتەدا جەخت دەکاتەوە، چەند ڤیدیۆیەکی پێگەیشتووە و لەوبارەوە لەگەڵ شایەتحاڵان گفتوگۆی کردووە. 
ئەو ڤیدیۆیانەی کە سی ئێن ئێن ئاماژەیان پێدەدات، دەری دەخەن، تەرمی کۆماندۆکان لە دەرەوەی بازاڕێکی ئەو ناوچە فڕێ دراون. 
شایەتحاڵان دەڵێن، فیشەک و تەقەمەنی ئەو کۆماندۆیانە، دوای شەڕێکی گەورە بۆ بەدەستەوەگرتنی کۆنتڕۆڵی هەموو شارەکە تەواو بووە و لە لایەن میلیشیاکانی تاڵیبانەوە گەمارۆ درابوون. 
لە ڤیدیۆیەکی ٤٥ چرکەیی تردا، دەنگی کەسێک دەبیسترێت کە بە زمانی پەشتوو دەڵێت: "تەقەیان لێ مەکەن، تکا دەکەم، تەقەیان لێ مەکەن!". 
دواجار پرسیار دەکات: "چۆن دەکرێ دەستی پەشتوونێک خوێنی ئەفغانێک بڕێژێت؟". پەشتوون یەکێکە لە نەتەوەکانی ئەفغان. 
لەکۆتایی ڤیدیۆکەدا، دەنگی کەسێکی تر دەبیسترێت کە دەڵێت: "هەموو کەلوپەلەکانیان هەڵگرن!". لە راپۆرتەکەی "سی ئێن ئێن"دا هاتووە، رێکخراوی خاچی سوور، دوای ئەو رووداوە، پشتڕاستی کردەوە، لانیکەم ٢٢ کۆماندۆ لە کاتی خۆبەدەستەوەدان لە لایەن تاڵیبانەوە کوژران.

تاڵیبان بە سی ئێن ئێنی گوتووە، ئەو ڤیدیۆیانە، ساختە و بە جۆرێک پڕۆپاگەندەی حکومەتن لە دژی تاڵیبان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین