قوربانیانى سووتانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ى زیقار بۆ 114 كه‌س به‌رز ده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ته‌ندروستى شارى زیقار له‌ باشوورى عێراق رایگه‌یاند، شه‌وى رابردوو به‌هۆى سووتانى نه‌خۆشخانه‌ى حوسێن كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ تووشبووانى كۆرۆنا له‌ شاره‌كه‌، 114 به‌ مردن و برینداربوون بوونه‌ته‌ قوربانى، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌رده‌كات.

شه‌وى رابردوو نه‌خۆشخانه‌ى حوسێن له‌ زیقار “ناسرییه‌”كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ تووشبووانى كۆرۆنا سووتا. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ى ته‌مووز فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى زیقار له‌ راگه‌یێندراوێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى "واع" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاشكراى كردووه‌ به‌ مردن و برینداره‌كان 114 كه‌س بووه‌ته‌ قوربانى رووداوه‌كه‌.

وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێت 70 مردوو و 44 بریندار هه‌یه‌ و نزیكه‌ى 30 مردوویش هێشتا ته‌رمه‌كانیان نه‌ناسراوه‌ته‌وه‌. له‌باره‌ى هۆكارى رووداوه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ ئێستادا ته‌نیا باس له‌ ته‌قینى بوتڵى ئۆكسجین ده‌كرێت.

له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌ناكاوى كردووه‌ و شه‌ش بڕیارى ده‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: له‌سه‌ر ئاستى باڵا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكارى رووداوه‌كه‌ بكرێت.
دووه‌م: شاندێكى باڵاى حكومه‌ت كه‌ له‌ چه‌ند وه‌زیرێك پێكهاتووه‌ به‌ره‌و زیقار به‌ڕێ ده‌كه‌وێت، بۆیه‌وه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێرى بكات.
سێیه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌كه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى و به‌رێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى له‌ شاره‌كه‌، له‌ پۆسته‌كانیان لاده‌درێت و راده‌گیرێن.
چواره‌م: هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان به‌ هاناى زیقاره‌وه‌ ده‌چن.
پێنجه‌م: قوربانیانى مردوو به‌ شه‌هید هه‌ژمار ده‌كرێن و برینداره‌كان ئه‌وانه‌ى له‌ عێراق چاره‌سه‌ر ناكرێن ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێن.
شه‌شه‌م: ماته‌مى گشتى له‌ عێراق راده‌گه‌ینرێت.
ئه‌مه‌ دوو رووداوى سووتانى نه‌خۆشخانه‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ سێ مانگ روو بدات، له‌ 24ى نیسانى رابردوو نه‌خۆشخانه‌ى بن خه‌تیب له‌ به‌غدا سووتا و له‌ ئه‌نجامدا 90 كه‌س مردن و 110 كه‌سیش بریندار بوون.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین