بنکەی ئەتۆمی بوشەهرى ئێران ده‌كوژێته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بنکەی ئەتۆمی بوشەهر بە شێوەی کاتیی کوژاوەتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژ لە تۆڕی سەراسەری کارەبای ئێران چووەتە دەرەوە و ئەو کوژانەوەیە بە واتای کەمبوونەوەی هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبایە. کۆمپانیای "تەوانیر" داوای لە خەڵک کردووە تا دەتوانن دەست بە کارەباوە بگرن و رێژەی بەکارهێنانی کەم بکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی رایگەیاندووە بە هۆی "کێشەیەکی تەکنیکی" لە بنکەی بوشەهردا، دوای ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی وزە، ئەو بنکەیە بە شێوەی کاتی لە تۆڕی گشتى کارەبا دەچێتە دەرەوە. دەگوترێ ئەو بنکەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا چالاکییەکانی دەست پێ دەکاتەوە. 
غولامعەلی رەخشانی مێهر، جێگری هاوئاهەنکەری دابەشکردنی وزەی کۆمپانیای تەوانیر گوتوویەتی: "بە چوونەدەرەوەی لەناکاوی ئەو بنکەیە بۆ ماوەی سێ تا چوار رۆژ، هەزار مێگاوات کارەبا کەمتر بەرهەم دێت و ئەوەش دەتوانێ ببێتە هۆی پچڕانی زیاتری کارەبا". 
بە گوتەی رەخشانی مێهر، نزیکەی ٥٧ هەزار مێگاوات کارەبا لە وێستگه‌ی گەرمایی و وێستگەی ئاویی بەرهەم دێت و ٥٠ هەزار مێگاوات لەو رێژەیە لە وێستگە گەرماییەکان بەرهەم دێت. بە گوتەی رەخشانی مێهر، هۆکاری بەرهەمهێنانی کەمی وێستگەکانی کارەبای ئاویی دەگەڕێتەوە بۆ رێژەی كه‌می باران  لە ساڵی رابردوودا. 
پێشتر کۆمپانیای بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی وزەی کارەبا (تەوانیر) لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی کورتهێنانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی "چاککردنەوەی بنکەی بوشەهر" تا کۆتایی هەفتە درێژەی دەبێت. تەوانیر داوای لە بەکارهێنەران کرد بۆ رێگریکردن لە پچڕانی کارەبا و کوژانەوە، رێژەی بەکارهێنانی کارەبا لەنێوان کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ تا ٦ی ئێوارە کەم بکەنەوە.  
ماوەی چەندین هەفتەیە خەڵکی شارە جیاوازەکانی ئێران رووبەڕووى کێشەی کوژانەوە و پچڕانی لەناکاوی کارەبا دەبنەوە. دوای ئەوە بنکەی بوشەهر رایگەیاند یارمەتی پیشەسازیی کارەبا دەدات. 
سێ مانگ پێش ئێستا، یاریدەدەری رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران گوتبووی ئەگەر رێگاچارەیەک بۆ کێشەی بانک و دراو نەدۆزرێتەوە، رەنگە بەرهەمهێنانی کارەبای بنکەی بوشەهر بوەستێت. 
لەو نێوەدا هەندێ لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند راپۆرتێکی میدیایی باسی ئەوەیان کردووە کە هۆکاری کوژانەوەی بنکەی بوشەهر، کاری تێکدەرانە و رووداوێک هاوشێوەی رووداوەکەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز بووە.

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین